بە کارەبا مردووە یان جەڵتە؟

 هاوڵاتییەک لە بازیان گیانى لەدەست دا و هۆکارەکەى دیار نییە

964+

رێژوان مامە قادر – سلێمانی

هاوڵاتییەک لە قەزای بازیان گیانی لە دەست داوە و تەندروستیی قەزاکە دەڵێت، گومان دەکەن بەهۆی کارەباگرتنەوە بووبێت.

هاوڵاتییەکە پیاوە و تەمەنی 61 ساڵە و لە ماڵەکەی خۆیدا گیانی لە دەست داوە.

ئیسماعیل ئەمین، بەڕێوەبەری مەڵبەندی ئێشکگری تەندروستیی بازیان بە 964ـى راگەیاند، ئەو پیاوە کاتژمێر نزیکەی 10ـى سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لە حەوشەکەیاندا کەوتووە و دوو کوڕی لە نزیک ماتۆڕی ئاوەکەیان هەڵیدەگرنەوە، وەک خۆیان باسیان کردووە و هەموو جەستەی تەڕ بووە و جۆزەی کارەبای ماڵەوەشیان هەڵدراوەتەوە.

وتیشی،”ئەو کەسە بە مردوویی گەیەندراوەتە نەخۆشخانە، پزیشکەکان دەڵێن پێستی سینگی کەمێک رووشاویی پێوەبووە، بەڵام دڵنیا نەبوون ئاخۆ بە کارەبا بووە یاخو جەڵتەى دڵ لێیداوە”.

بەڕێوەبەری مەڵبەندی ئێشکگری تەندروستیی بازیان باسى لەوەش کرد، تەرمی ئەو کەسەیان رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئاخۆ گیان لەدەستدانەکەى بە کارەبا بووە یان جەڵتە لێیداوە.

مێردمنداڵێک بە جەڵتە گیانی لەدەست دا

مێردمنداڵێک بە جەڵتە گیانی لەدەست دا