بۆ دوو ئاستى شاخه‌وانى بوو

له‌ هه‌ولێر و سۆران تاقیكردنه‌وه‌ى “رێبه‌رى كوێستان” به‌ڕێوه‌چوو

964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له‌ یه‌ك كاتدا تاقیكردنه‌وه‌ى “رێبه‌رى كوێستان” له‌ شارى هه‌ولێر و ئیداره‌ى سۆران بۆ ژماره‌یه‌كی زۆرى شاخه‌وانان به‌ڕێوه‌چوو، كه‌ لیژنه‌یه‌كی پسپۆر له‌ زانكۆى سۆران و یه‌كێتى مامۆستیایان سه‌رپه‌رشتیان ده‌كرد.
“رێبەری کوێستان” بە کەسێک دەوترێت، دەرچووی خولەکانی پەیوەست بە رێبەری کویستان و خاوەنی بڕوانامە بێت و ئەزموونی پەیوەست بە شاخ و شاخەوانیی هه‌بێت و تواناى رێبەری و رێنوێنی گروپه‌كانى شاخه‌وانى هه‌بێت و سه‌لامه‌تیان پارێزراو بكات.
زانكۆى سۆران بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئەم تاقیکردنەوەیە کە لە ھەریەک لەشارەکانی ھەولێر و سۆران لەیەک کاتدا بەڕێوەچوون و بەشداربووانیش بریتی بوون لە دوو ئاست، ئاستی یەکەم ئەو شاخەوانانە بوون کە پێشتر کۆمەڵێک خول، وۆرکشۆپ و سیمیناری پەیوەست بە زنجیرە خولەکانی “رێبەری کوێستان پلە 3″یان بینیوە و سەرکەوتووانە ئەو خولانەیان تێپەڕاندووە.
ئاستی دووەمیش ئەو شاخەوانانە بوون، کە ماوەیەکی کەمە ھاتوونەتە ناو پڕۆسەکە و خواستی ئەوەیان ھەیە زنجیرە خول و تاقیکردنەوەکانی پەیوەست بە “رێبەری کوێستان پلە 3” تێپەڕێنن.