بە فڕۆکەی جەنگی

هەر ئێستا بناری قەندیل بۆردومان كرا

964+

محەمەد عەلی – پشدەر

بەپێی زانیارییەكانی 964 هەر ئێستا چەند ناوچەكی بناری قەندیل لە سنووری پشدەر بۆردومان كراوە .

دڵشێر ئیبراهیم، هاوسەرۆكی شارەاونی بناری قەندیل بە 964ـی راگەیاند، بۆردومانەكە بە فڕۆكەی جەنگی بووە و ناوچەكانی كۆرتەك و سڵێی كردووەتە ئامانج.

وتیشی “هیچ یەكێك لەو دوو شوێنەی بۆردومان كراون ئاوەدانی لێ نییە، تەنیا بۆردومانەكەی كورتەك بەشێكی رێگای سەرەكی كردووەتە ئامانج”.

عەبدوڵا حەسەن، دانیشتوی گوندی شێنێیە بە 964ـی وت ئەمشەو کاتژمێر 8:45 خولەک فڕۆکەی جەنگی چیای گەنەم ئاوی و جاسوسانی بۆردومان کرد، بەچاوی خۆمان فڕۆکەکانمان بینی و دەنگیان دەهات و کاتی بۆردومانەکە ئاگریان لێ بەرز دەبوویەوە، نازانین زیانی هەبووە یاخود نا، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێی بۆ گوندنشینان دروست کردبوو.

کامەران عوسمان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤیCPT ئەمریکی بە 964ـی وت، ” بۆردومانەکان کاتژمێر 8:35 خولەکی ئەمشەو، بۆردومانەکان لەڕێگەی فڕۆگەی جەنگی و درۆن بووە، خڕی شاخی چیای جاسوسان و شاخی گەنم ئاوی، لەرووی جوگرافیا کەوتونەتە پشتی گوندی زێوکە سەربە ناحیەی ژاراوە لە قەزای پشدەر.

گوندی زێوکە سەربە ناحیەی ژاراوەیە لە قەزای پشدەر 12 ماڵی گوندنشینانی لێ نیشتەجێیە و تائێستا ئەو گوندە 27 جار بۆردومان کراوە بەفڕۆکەی جەنگی” کامەران عوسمان وای وت”.

9:51 نوێکرایەوە 

سنووری قەڵادزێش بۆردومان كراوە

هاوكات، لەگەڵ بۆردومانی بناری قەندیل و سنووری قەزای پێنجوێن، فڕۆكە جەنگییەكان بۆردومانی سنووری قەڵادزێشیان لە قەزای پشدەر كردووە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لەو سنوورە بە 964ـی وت، كەمێك پێش ئێستا شاخی جاسوسان و کەنەماوی لەسنووری قەڵادزێ بۆردومان كراون.

وتیشی “سێ جار لەسەریەك ئەو دوو شوێنەی قەڵادزێ بۆردومان كراون و لەهەندێك شوێن ئاگرێكی زۆر بەرزبووەتەوە”.

تا ئێستا زەرەرو زیانەكانی ئەم بۆردومانانە نەزاندراون، بەڵام تا ئامادەكردنی ئەم هەوڵە دەنگی فڕۆكەكان دەبیسترێن كە بەئاسمانی ئەو سنوورە دا دەسوڕێنەوە.

ئەمشەو لەیەك كاتدا فڕۆكەی جەنگی بۆردومانی هەرسێ سنووری قەزاكانی پێنجوێن و بناری قەندیل و قەڵادزێش لە پشدەر كردووە.