زیندانەکان پڕن
جەژنە و لێخۆشبوون بۆ زیندانیان دەرنەکرا
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
سێ زیندانى چاکسازی گەوران هەیە لە هەرێمی کوردستان، هەر یەکێک لەو زیندانانە بۆ 900 زیندانی دروستکراون، بەڵام بەهۆی بونی ژمارەیەکی زۆر زیندانی ئەو ڕێژەیە هەڵکشاوە بۆ دوو ئەوەندە تیایاندا و جەژنى قوربانیش نەبوو بە دەرفەتێک بۆ لێخۆشبوون لە زیندانیان.
ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بە 964ـى وت، ژمارەیەکی زۆر زیندانی هەیە لە چاکسازییەکان و بەهۆی دەرنەچونی لێخۆشبونەوە لۆد لەسەر چاکسازییەکان دروست بووە.
باسی لەوەشکرد، ژمارەیەکی زۆر سزادراوى کەیسى تیرۆریان لایە جێگایەکی زۆریان گرتووە، هەرچەندە داوا کراوە بڕیارى لێخۆشبوون دەربکرێت، بەڵام بەهۆی نەبونی پەرلەمانەوە ئەو بابەتە پەکی کەوتوە، ئەوەی هەیە تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمدایە.
“چاکسازییەکان لە سەرجەم بوارەکاندا گرفتیان هەیە، چاکسازی گەورانی هەولێر زۆرترین لۆدی لەسەرە بەهۆی بونی ژمارەیەکی زۆری سزادراوى بیانی”، ئاریان ئەحمەد واى وت.
بەپێى زانیارییەکانى 964 کە لەسەرچاوەیەکى ناو زیندانى چاکسازى وەرى گرتووە، لە چاکسازی گەورانی سلێمانی هەزار و 531 زیندانی هەیە، لە چاکسازی گەورانی هەولێر هەزار و 951 زیندانی و چاکسازی گەورانی دهۆکیش هەزار و 420 زیندانیلەخۆى گرتووە.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەی خستوەتەڕو، لە چاکسازی ژنان و منداڵانی هەولێر 390 زیندانی هەیە، لە سلێمانی 122 زیندانی و لە دهۆک 129 زیندانی هەیە، سەرجەم بینای چاکسازییەکانیان بۆ 100 زیندانی دروستکراوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح