بە زیاتر لە 30 ئەکاونت هەڕەشەى کردووە

ئاسایش ئەو کەسەى دەستگیرکرد کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پارەى لە خەڵک دەکێشایەوە

ئاکام غەفور- سۆران

ئەو کەسەى لە رێگەى 11 جیمەیڵ و شەش ئەکاونتى ئێکس و چوار  ئەکاونتى سناپ و سێ تێلێگرام و چوار ئینستاگرام و سێ فەیسبوک و ژمارەیەک ئەکاونتى تیکتۆکەوە، هەڕەشەى لەخەڵک دەکرد و پارەى لێدەکێشانەوە، دەستگیرکرا.

سەرچاوەیەک لە ئاسایشى خەلیفان بە 964ـى وت، بەشى ئاسایشى خەلیفانى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى سۆران، تۆمەتبارێکى دەستگیرکردووە کە لە رێگەى هەڕەشە و ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەى وێنە و ڤیدیۆى تایبەت، پارەى لە خەڵک کێشاوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسى لەوەکرد، تۆمەتبار بە هاوکارى چەند کەسێک لە دەرەوەى وڵات، ژمارەیەک ئەکاونى بەڕێوەبردووە و لە رێگەى ئەوانەوە هەڕەشەى لە خەڵک کردووە و پارە و کارتى کۆڕەک و ئاسیاى لێ وەرگرتووە.

تۆمەتبار بۆ کارەکەى 11 جیمێڵ و شەش تویتەر و چوار سناپ و سێ تێلگرام و چوار ئینستا گرام و سێ فەیسبوک و ژمارەیەک ئەکاونتى تیکتۆى بەکارهێناوە.

تۆمەتبار بە پێى مادەى 2ـى خراپ بەکارهێنانى ئامێرەکانى پەیوەندیکردن راگیراوە و پەڕاوى لێکۆڵینەوەى بۆکراوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراى کرد، لە 2024دا، پێنج کەسیان لەسەر هەمان بابەت دەستگیرکردووە.

هەرچەندە ئەو تۆمەتبارە لە 2.6.2024 دەستگیرکراوە، بەڵام بۆ یەکەمجارە لە رێگەى 964ـەوە رادەگەیەنرێت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح