بۆ رۆژانی بەر لە جەژن
964 پلانی لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی ئاشكرا دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی پلانی چاودێریکردنی بازاڕیان داڕشتووە و نایانەوێت نە نرخ بەرز ببێتەوە، نە خۆراکی بەسەرچوو و خراپبوو بە هاوڵاتیان بفرۆشرێت.
هێشتا کۆبوونەوەی قایمقامییەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان نەکراوە و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت و بڕیاری پێویست بدرێت.
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، پلانی خۆیان وەک لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی چاودێریکردنی بازاڕی سلێمانییە بە چڕی.
وتیشی، “سەرجەم لیژنەکانمان رۆژانە لە بازاڕ و دوکان و مارکێتەکان دەبن و رێگریی لە بەرزبوونەوەی نرخ و ساغکردنەوەی خواردنی بەسەرچوو و خراپبوو دەکەن، ئەوە جگە لەوەی شەوانەش لیژنەی تایبەت و جێگیرمان لەناو بازاڕ دەبێت”.
ئەمڕۆ قایمقامییەتەکە دەستی بەسەر دوو تۆن چەرەست خراپبوودا گرتووە و داواشی لە هاوڵاتیان کرد بە وریاییەوە پێویستییەکانی جەژنیان بکڕن.
“لەگەڵ لیژنەکانی تەندروستی و گەشتوگوزار و چاودێریی بازرگانی هەماهەنگی دەکەین و رێگری لە هەر کارێکی نایاسایی دەکەین”، ئەوەش قسەی گۆران قادرە.