غازی شل لە بەردەڕەش قاتییە
964+
عەمار عەزیز – دهۆک
دوو هەفتەیە لە سنوری قەزای بەردەڕەش کێشەی کەمی غازی وەجبە دروستبووە، لە هەمانکاتدا یەک بۆتڵ غازی بازرگانی لە 13 هەزار دینارەوە بۆ 16 و هەندێکجار 17 هەزار دینار زیادبووە.
غازی وەجبە بەو غازە شلەی ماڵان دەوترێت کە لەلایەن حکومەتەوە دابەشدەکرێت، بریکارەکان و خەڵکی ئاسایی دەتوانن بیکڕن.
عەلی حسێن، دانیشتووی ناوەندی قەزای بەردەڕەشە، لە هەفتەی رابردوو کاتژمێرێک و نیو لە نۆرەدا بووە تا یەک بۆتڵ غازی وەجبەی وەرگرتووە بە 10 هەزار دینار، ئەو بە 964ی وت “هەفتەی یەک جار غازی وەجبە بۆ بەردەڕەش دێت ئەویش بەشی هەمووان ناکات”.
باسی لەوەشکرد، غازی بازرگانی دوو بۆ سێ هەزار دینار گران بووە، پێشتر یەک بۆتڵ بە 13 هەزار دینار بووە، ئێستا بووەتە 16 و17 هەزار دینار.
کامەران بەرزنجی، بەرپرسی چاودێری بازرگانی لە قەزای بەردەڕەش بە 964ی وت “بەشێکی کێشەکە پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە، هەندێک کەس دێنە گۆڕەپانی غاز دوو سێ بۆتڵ لەگەڵ خۆیان دەهێنن، وا دەزانن تەواو غاز نامێنێت، بەشەکەی تر پەیوەندی بەوە هەیە کە ئەو بڕەی دەگاتە قەزاکه کەمه و بەشی پێداویستی هەموو خەڵکی ناکات”.
بە قسەی ئەو، هەفتەی یەک وەجبە غاز دەنێردرێت بۆ بەردەڕەش کە بریتیە لە 19 بۆ 20 تۆن غازی شل، دەشڵێت، بە نوسراو داوایان کردووە لە ئیدارەی پارێزگای دهۆک کە بۆیان زیاد بکرێت، بەڵام پێیان وتراوە بەپێی ژمارەی دانیشتووان هەر ئەوەندەیان بەردەکەوێت.
لە سنووری ناحیەی بەردەڕەش سێ ناحیە هەن، ئەوانیش رۆڤیا بە 29 گوندەوە، دارەتوو بە 30 گوندەوە و کەڵەک بە زیاتر لە 10 گوند.