"سێ کاتژمێر مۆڵەتیان ھەیە"

بەنزینفرۆشتن لەسەر شەقامەکانی دەربەندیخان قەدەغەکرا

+964

میلاد جەلال – گەرمیان

قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان، بڕیاریداوە ئەو کەسانەی لەسەر شەقامەکانی قەزاکە بەنزین دەفرۆشن، لە ماوەی سێ کاتژمێر دەبێت لایان ببەن.

دوای ئەوەی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی 7.6.2024، تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە دەروازەی قەزای دەربەندیخان وەرگەڕا و ئاگری گرت، بەرپرسانی قەزاکە کەوتونەتە خۆیان بۆ ئەوەی لە داھاتوودا حاڵەتی لەو شێوەیە روونەداتەوە یان زیانی کەمتری ھەبێت.

بەنزینفرۆشەکان دەکەونە نزیک فولکەی پەری دەریا لە دەروازەی قەزاکە، سلێمان محەمەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت،”ئەو شوێنە نەگونجاوە کە ئەو کەسانە بە دەبە بەنزین لەسەر شەقامەکە دەفرۆشن، بۆیە بڕیاردراوە بەنزینفرۆشتن لەسەر شەقامەکان قەدەغە بکەن، ئەمە بۆ سەلامەتی ئەو کەسانەش خۆیانە”

“ئەگەر ھاوڵاتیان نەبوونایە و یارمەتی ئەو بەنزینفرۆشانەیان نەدایە، ئەوە گڕگرتنی تانکەرەکە زیانەکەی زیاتر دەبوو، زیانی بەو بەنزینفرۆشانەش دەگەیاند و لەوانەیە ژیانی خۆشیان بکەوتایە مەترسییەوە”، سلێمان محەمەد وای وت.

ماوەی سێ کاتژمێر مۆڵەت بەو بەنزینفرۆشانە دراوە، ئەگەر لەو ماوەیە جێگاکانیان چۆڵ نەکەن ئەوا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، “تاکە چارەسەریش بۆ دووبارەنەبوونەوەی ئەو رووداوانە، گۆڕینی رێگای تانکەرەکانە بۆ رێگای ناوتاق ، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی ئەو رێگایەش تەواو نەبووە، لە ھەفتەی داھاتوودا سەردانەکانمان دەستپێدەکەینەوە بۆ ئەوەی پارەی بۆ دابینبکرێت و کارەکانی خێراتر بکرێت”

بەھۆی گڕگرتنی ئەو تانکەرەوە، شۆفێر و سەرنشینەکەی بەشێکی جەستەیان سووتاوە و لە نەخۆشخانەن، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر شەقام و ژینگەی ناوچەکە کەوتووە و کارەبای قەزاکەشی بڕیوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بەهۆی وەرگەڕانی تانکەرەکەی دەربەندیخان کارەبای قەزاک...

بەهۆی وەرگەڕانی تانکەرەکەی دەربەندیخان کارەبای قەزاکە بڕاوە