چەندی بۆ دانراوە؟
نۆژەنکردنەوەی رێگای دەروازەی پێنجوێن دەستیپێکرد
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
نۆژەنکردنەوەی رێگای دەروازەی قەزای پێنجوێن کرا دەستیپێکرد و بڕیارە لە ماوەی کەمتر لە یەک هەفتەدا تەواو بکرێت.
رەوف رەشید، سەرۆکی شارەوانیی قەزای پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە دەستکرا بە هەڵکەندنی رێگای دەروازەی قەزای پێنجوێن و تا ترافیک لایتی قەزاکە هەڵدەکەندرێت.
وتیشی، بە گوێرەی ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستیاندایە و بۆیان تەرخان کراوە، کار دەکەن و بەشی هەرچەند بکات ئەوەندە کار دەکەن، ئەو بڕەشی تەرخان کراوە 454 ملیۆن دینارە.
ئەوەشی خستەروو، هەوڵدەدەن لە ماوەی سێ رۆژدا کاری هەڵکەندنی رێگاکە تەواو بکەن و لە ماوەی دوو رۆژیشدا قیرەکە بکەن، سەرەتا بە ئاراستەی هاتنەناوەوەی دەروازەکە کار دەکەن و دوای قیرکردنی، ئینجا بە ئاراستەی پێچەوانەوە دەست بە نۆژەنکردنەوە دەکەن.
“تەواوی پڕۆژەکە ئامادەیە و تەنانەت قیرەکەشی حازرە، دوای تەواوبوونی هەڵکەندن، راستەوخۆ قیرەکەش دەکرێت”، رهئوف رهشید وای وت.
هەروەها ئەوەشی باس کرد، ساڵی رابردوو نزیکەی کیلۆمەترێکیان لە شەقامی گشتیی سەرەکیی پێنجوێن نۆژەنکردووەتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا