گرافیک: 964+
23 حزب هاوپەیمانییەتییەکیان پێکهێناوە
لە رۆژئاواى کوردستان هەڵبژاردنى شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت
964+
وریا فەتاح
لە مانگى شەشى ئەمساڵدا، هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە رۆژئاواى کوردستان (باکوورى رۆژهەڵاتى سوریا) ئەنجام دەدرێت، 23 حزبى سیاسیش هاوپەیمانێتییەکیان پێکهێناوە، بەڵام تا ئێستا ئەنەکەسە بایکۆتى کردووە.
هۆشەنگ دەروێش، نوێنەرى ئەنجومەنى سووریاى دیموکرات لە هەرێمى کوردستان بە 964ـى وت، “ئێستا ئیدارەى خۆسەرى دیموکراتى لە رۆژئاواى کورستان ئامادەکایرى دەکات بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان کە لە 11.6.2024 ئەنجام دەدرێت”.
بە وتەى هۆشەنگ دەروێش، لە دوای دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، دووەمجارە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەکرێت، بەڵام لە مانگى شوباتى 2024، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە دامەزرا.
باسى لەوەش کرد، ئەنجومەنى گەلى دیموکرات دواى کۆبوونەوە، یاساى تایبەت بە کۆمیسیۆنەکە و یاساى هەڵبژاردنى پەسەند کرد و هەڵبژاردنەکە بەپێى ئەو یاسایە بەڕێوە دەچێت.
هەڵبژاردنەکە لە حەوت کانتۆنى سەر بە بەڕێوەبەرایەتى خۆسەر ئەنجام دەدرێت، تێیدا 121 هاوسەرۆکى شارەوانى و ئەندامانى ئەنجومەن هەڵدەبژێردرێت
964 دەزانێت، تا ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23 حزب و لایەنى سیاسى لە چوارچێوەى “هاوپەیمانى گەلان و ژنان بۆ ئازادى”، بەشدارى هەڵبژاردنەکە دەکەن و چەند لایەنێکى دیکەش بە تەنیا بەشداریى دەکەن، ئەنجومەنی نیشتمانی کورد – سوریا، تائێستا بڕیارى ئەوەى هەیە بایکۆتى هەڵبژاردنەکە دەکات و بەشداریى ناکات.
لە بارەى بەربەستەکانى بەردەم پڕۆسەى هەڵبژاردن، هۆشەنگ دەروێش وتى،”هەڵبژاردن بابەتێکى ناوخۆییە و کاریگەرى لەسەر خۆمان هەیە و هیچ پەیوەندى بە دەوڵەتانەوە نییە و ئامانج بەدیهێنانى دیموکراسى و خۆشگوزەرانییە، تا ئەمڕۆش هیچ مەترسییەک نییە، بەڵام لە هەر دۆخێکدابێت هەڵبژاردن دەکرێت”.
ژمارەى دانیشتووانى باکوورى رۆژهەڵاتى سوریا شەش ملیۆن کەسە، بە وتەى هۆشەنگ دەروێش سێ ملیۆن کەس سەروو 18 ساڵن و مافى بەشداریکردنیان هەیە لە پڕۆسەى هەڵبژاردن.