شوێنەوارە

بیری ئاوی ئینگلیزەکان لە گەرمیان دۆزرایەوە

964+

بەهرە محەمەدئەمین

ئەو پاشماوە شوێنەوارییەی چەند رۆژێک لەمەوبەر لە گەرمیان دۆزرایەوە، بیری ئاو بوو، بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیان دەیپاریزێت، بەڵام جارێ ناتوانێت بیکات بە شوێنی گەشتیاری.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان رایگەیاند، ئەو پاشماوەیەی لە چەند رۆژی رابردوو، لە گوندی قەڵاتەپەی ناحیەی قۆرەتوو لە گەرمیان بەهۆی زیادبوونی ئاوی سیروانەوە بەدەرکەوت، دوای ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری گەرمیانەوە پاککرایەوە، دەرکەوت بیریکی ئاوی سەردەمی ئینگلیزەکانە.

بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار، دەڵێت، شوێنەوارەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داگیرکاری ئینگلیزەکان لەو ناوچەیە، جگە لەم بیرەش هەریەکە لە سەرای کفری، کارگەی خشت، کە کورەشی پێ دەوترێت، جێ بیناکانی گوندی گوڕەشەلە، شەریکەی بانەبۆر، کە کۆمەڵێک بینای جۆراوجۆرن، لە ئینگلیزەکان بەجێماون.

ساڵح محەمەدئەمین، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان، بە 964ی وت، “دەرخستەمان ئامادە کردووە بۆ دروستکردنی بەربەستێک بۆ پاراستنی شوێنەوارەکە لە لافاو و ئاو، هێزە ئەمنییەکانیش هاوکارمان دەبن بۆ پاراستنی شوێنەوارەکە لە دەستکاریکردنی لەلایەن خەڵکەوە.

وتیشی، “بە هۆی نەبوونی رێگاوبان و خزمەتگوزاری پێویستەوە ناتوانرێت بۆ گەشتیاری سوودی لێ وەربگیرێت”.

964 زانیویەتی، لە سنووری گەرمیان زیاتر لە 15 کۆشک، بینا و قەڵای شوێنەواریی هەن، کە دەتوانرێت بۆ مەبەستی گەشتیاری سوودی لێ وەربگیرێت.

رۆژی 17ی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار، دەرکەوتنی ئەم شوێنەوارەی لە گەرمیان راگەیاند و وتی پێشبینی دەکەین بیرە ئاوی سەردەمی ئینگلیزەکان بێت.