حاسڵاتی ئەمڕۆ
هەموو گفتوگۆ ئەتۆمییەکان وەستان
964+
ژووری هەواڵ
لە ئێستاوە لە ئێران ناوی چەند کەسێک دێت بۆ شوێنگرتنەوەی رەئیسی، لەناو ئەوانەدا ناوی محەمەد موخبیر سەرۆکە کاتییەکەی ئێستاو محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمان و لەناو باڵی ریفۆڕمیش ناوی حەسەن رۆحانی و محەمەد جەواد زەریف دێت، هەرچەندە بەمدواییە لیژنەی چاکسازی دەستوور ناوی حەسەن رۆحانی قبوڵ نەبوو.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نوسیویەتی: وڵاتانی خۆرئاوا پێیان وایە ئێران لەبەردەم پشێویدایەو بارودۆخی بە ئاسانی جێگیر نابێت، مەزەندەش دەکەن لە ماوەی داهاتوودا هەڵوێستی ئێران بەرامبەر دەوروبەرەکەی توندتر دەبێت.
ئاژانسی ئێرنا رایگەیاند 50 وەفد لە وڵاتانی جیهانەوە بەشداری مەراسیمی بەڕێکردنی رەئیسییان کردووە لە تاران، عێراق و پاکستان و ئەرمینیاو قەتەرو ئازربایجان لە ئاستی سەرۆک وەزیران بەشدارییان کردووە.
پەیامی سەرەخۆشی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ سەرۆکی ئێران کاردانەوەی لێ کەوتووەتەوە، چەند سیناتۆرێکی کۆماری دەڵێن ئەمریکا نەدەبوو ئەو پەیامەی بناردایە، وەزارەتی دەرەوەش دەڵێت ئەوە کارێکی پرۆتۆکۆڵییە، ئەگەرنا هەڵوێستمان نەگۆڕاوە.
رادیۆی (ویسکونسن)ی ئەمریکی دەڵێت: بە پشت بەستن بە زانیاری پسپۆڕە ئەمریکەکان، ئەگەری هەرە بەهێز ئەوەیە فڕۆکەکەی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆکی ئێران بەهۆی کۆن بوونیەوە لەکار کەوتووەو کەوتووەتە خوارەوە.
رافاێل گروسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی وزەی ئەتۆم دەڵێت بەهۆی گیان لەدەستدانی سەرۆک کۆمارو وەزیری دەرەوەی ئێران تەواوی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە وەستاون، چونکە پەیوەندییە سەرەکییەکان لەگەڵ ئەو دوو کەسایەتییەدا بوو.