20 هەزاریان لێ دەچێنرێت
هەولێر بە گوڵى قەدیفە دەڕازێنرێتەوە
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیى ئەندازەى پارکەکانى هەولێر بەردەوامە لە رازاندنەوەى شەقام و شوێنە گشتییەکانى هەولێر، لە هەڵمەتێکى نوێدا 20 هەزار گوڵى قەدیفە دەچێنرێت.
.بە تەواوبوونى ئەو 20 هەزار گوڵە، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە ژمارەى گوڵە چێنراوەکان لە هەولێر دەگاتە 50 هەزار دانە
بە وتەى رێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەرى ئەندازەى پارکەکانى هەولێر، هەڵمەتەکە دەستىپێکردووە و لە ماوەى هەفتەیەکدا 20 هەزار گوڵى قەدیفە لە شەقامە سەرەکییەکانى ناوشار دەچێنن.
سەرجەم ئەو گوڵانە بەرهەمى ناوخۆن و لە نەمامگەکانى بەڕێوەبەرایەتیى ئەندازەى پارکەکان بەرهەم دەهێنرێن، وەک ئەوەى رێبین ئەحمەد ئاشکراى دەکات، بە تۆو دەیکڕن و دواتر لە نەمامگە بەرهەمى دەهێنن، کە 1000 دەنکى تۆوەکە 40 دۆلارى پێدەدرێت.
“ئەو گوڵانە وەرزین، گونجاون بۆ وەرزى گەرما و هاوین کە سەوزن و گوڵى جۆراوجۆر بەرهەمدەهێنن، بەڵام لەگەڵ وەرزى سەرما نامێنن”، بەڕێوەبەرى ئەندازەى پارکەکان واى بە 964 وت.
جگە لە چاندنى گوڵ، بەڕێوەبەرایەتییەکە پلانى بۆ ئەوە داناوە تا کۆتایى ساڵ، 100 هەزار دارى جۆراوجۆر بچێنێت و تائێستاش نزیکەى 10 هەزار دانەى لێ چێنراوە.