هێزه‌كانی ئێران كۆڵبه‌رێكی كوردیان كوشت

ئەرسەلان عەبدوڵا

کۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بەناوی عەتا رۆستەمپوور لە کاتی کۆڵبەری لە سنووری هەنگەژاڵی بانە، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرا، ئه‌مه‌ش به‌ پێی راپۆرتی رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو.
سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ هه‌واڵه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت، ئه‌مه‌ سێیەمین کۆڵبەری کوژراوه‌ بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ماوەی هەفتەی رابردوودا.
رێكخراوه‌كه‌ ئاشكرای كردووه‌، به‌پێی ئه‌و راپۆرته‌ی پێیانگه‌یشتووه‌، به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 6.5.2024 هێزە چەکدارەکانی ئێران، كه‌ له‌ سنووری هەنگەژاڵی بانە جێگیرن، تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئه‌نجامی ئه‌و ته‌قه‌كردنه‌دا كۆڵبەرێکی خەڵکی سەقز بەناوی عەتا رۆستەمپوور گیانی له‌ ده‌ست داوه‌.
رۆسته‌مپوور، كه‌ تەمەنی 40 ساڵان بووه‌، خێزانداره‌ و دوو منداڵیشی هه‌یه‌.
رێكخراوه‌كه‌ ده‌ڵێت، ته‌رمه‌كه‌ی بۆ نەخۆشخانەی سەڵاحەددین ئەیوبیی شاری بانە گواستراوەتەوە.
بەپێی داتای رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تەنیا لە ماوەی مانگی نیسان لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لانیکەم 37 کۆڵبەر کوژراون یان بریندار کراون، کە 92%ی سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەرکەوتوون.