شارەزایەکی ژینگەیی: مەترسیان نییە و نەکەن لەناویان ببەن
لە بارەی ئەو ئاژەڵە دەگمەنەی لە ڤیدیۆکەدا دەرکەوت روونکردنەوە دەدرێت
964+
ژووری هەواڵ
خالید سلێمان رۆژنامەنووس دیار و راهێنەری بواری ژینگەیی هەندێ زانیاری ورد ئاشکرا دەکات لەبارەی ئەو ئاژەڵە دەگمەنەی کە ئەمڕۆ لە ڤیدیۆیەکی 964دا دەرکەوت.
لە گوندی سەرسۆل لە سنووری ناحیەی بجیل لە قەزای ئاکرێ شوانێک گرتە ڤیدیۆییەکی گیانەوەری بزن مژەی تۆمار کردووە، کە قەبارەی زۆر گەورەیە و دەڵێن ئەمە یەکەم جارە ئەم گیانەوەرە گەورەیە ببینین.
هەندێ کەس دەڵێن ئەم جۆرە ئاژەڵانە مەترسیدارن و دەبێت لەناو ببرێن، تەنانەت لە بەشێک لە کۆمێنتەکانی سەر پەیجی 964 هەندێ کەس هەمان شتیان نوسیوە.
بۆ تێگەیشتن لە سروشتی ئەو ئاژەڵەو وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی کە ئاخۆ مەترسیدارە یان نا، 964 لە خالید سلێمانی پرسی، ئەویش لە ڤیدیۆیەکدا سەرنجی خۆی خستووەتە روو.
خالید سلێمان باس لەوە دەکات بزن مژە یان مارە خۆرە جۆرێکی داگیرکەرو نوێ نییە ولە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان هەیە، ”ئەم ئاژەڵە لە کاتی برسی بووندا رەنگە پەلامار بدات، بەڵام ژمارەیان ئەوەندە نییە کە مەترسی بۆ سەر ژیان خەڵک یان ئاژەڵی ماڵی دروست بکەن”.
رۆژنامەنووسە شارەزاکەی بواری ژینگە باس لە سوودەکانی ئەو ئاژەڵە دەکات کە چەند بۆ راگرتنی هاوسەنگی ژینگەیی گرنگن، چونکە ”لە هەر شوێنێک ئەم جۆرە ئاژەڵانە هەبن ئەوا ژمارەی مار کەم ئەبێت، هەروەها رۆڵی گرنگیان دیاریکردنی ژمارەی ئەو گیانەوەرانەن کە لەسەریان دەژی”.
بۆیە بە روون رەوانی دەڵێت: ”ئەم ئاژەڵانە نابێت لەناو ببرێن، بەڵکو چارەسەر ئەوەیە لە لە شوێنێک بینران لێیان نزیک نەبینەوەو ئەگەر ئەوانیش نزیک بوونەوە دووریان بخەینەوە، بەڵام کوشتنیان زیان دەگەیەنێت.
لەبارەی خالید سلێمان-ەوە
خالید سلێمان رۆژنامەنووس و راهێنەرێکی دیاری کوردە لە بواری ژینگەییدا، ساڵی 2022 لە بەیروتی پایتەختی لوبنان خەڵاتی دووەمی سەمیر قەسری پێبەخشرا لەسەر وتارێک کە لە رۆژنامەی ناشناڵ نیوز بڵاویکردبووە دەربارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، چالاکێکی بەردەوام پانێڵ و دیدارە نێودەوڵەتییەکانی کەشوهەوایە.