نیوەی بەردەڕەشییەکان 17 ساڵە خەون بە قیرکردنی کۆڵانەکانیان دەبینن
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لەگەڵ ئەوەی 17 ساڵە کراوە بە قەزا، بەڵام نیوەی کۆڵان و شەقامەکانی بەردەڕەش هێشتا هەر خۆڵن و قیرتاو نەکراون، ئەوەش دانیشتووانەکەی بێزار کردووە.
+964 لە بەدواداچوونێکی مەیدانیدا بۆی دەرکەوتووە، ئەو گەڕەکانەی قیرتاوکراون زیاتر گەڕەکە دەوڵەمەندنشینەکانن، لەگەڵ ئەو گەڕەکانەی فەرمانگە حکومییەکان و قوتابخانەکانیان بەسەرەوەیە.
موتەڵیب گۆران، هاوڵاتییەکی دانیشتووی قەزای بەردەڕەشە و بە 964+ـی وت: لە ساڵی 2010ـەوە هیچ قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنێکی نوێ لە قەزاکە نەکراوە.
“لە هاوینان تەپوتۆز هەڵدەمژین و لە زستانانیش بەناو قوڕاودا دەڕۆین”، ئەو هاوڵاتییە وای وت.
قەزای بەردەڕەش سەر بە پارێزگای دهۆکە و 90 هەزار کەس لە ناوەندی قەزاکە نیشتەجێن.
964+ لە زاری سیروان حەسەن قادر، بەڕێوەبەری شارەوانیی بەردەڕەشەوە دەزانێت، ساڵی رابردوو بە بەهای پێنج ملیار دینار پڕۆژە بۆ قەزاکە دەرچووە، کە قیرتاوکردنیشی تێدا بووە، بەڵام پڕۆژەکان جێبەجێ نەکراون.
دەشڵێت: هەوڵدەدەین لە ساڵی 2023ـدا ئەو پڕۆژانە و هی تریش لە قەزاکە جێبەجێ بکرێن و ژمارەیەک گەڕەکی تر قیرتاو بکرێن.