37 ماسیان پێگیراوە

چوار راوچی ماسی لە دەربەندیخان و شارەزوور دەستگیر کران

ژووری هەواڵ

پۆلیسی دارستانی سلێمانی دەستگیرکردنی چوار کەسی لەسەر راوەماسی راگەیاند و دەستیگرت بەسەر ئەو ماسیانەی راویانکردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 25.3.2024، هێمن کەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، سیان لەو کەسانەی دەستگیرکراون لەسەر دەریاچەی دەربەندیخان راویان کردووە و ئەوەی دیکەیان لە گوندی قەڵبەزەی شارەزوور تۆڕی داناوە.

ئەو چوار کەسە 37 ماسی قەبارە جیاوازیان پێبووە و هەموویان دەستیانبەسەردا گیراوە.

جگە لە ماسییەکان دەستیش بەسەر سێ تۆڕی راوکردنی ماسی و دەسکەداوێکدا گیراوە.

بە پێى ماددەى 42 لە حکومە سزاییەکاندا سزادانى بەندکردن هاتووه‌ بۆ ماوەى مانگێک کەمتر نەبێت یان پێبژاردنێک لە 150 هەزار کەمتر نەبێت و لە دوو ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.

رۆژى 5.3.2024 له‌ هه‌رێمی كوردستان قه‌ده‌غه‌ى راوه‌ماسی راگه‌یه‌ندرا، كه‌ ماوه‌كه‌ى زیاتر له‌ سێ مانگ ده‌خایه‌نێت.