تەرمی دوو کۆچبەر دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان
964+
توانا نەقی – هەولێر
بڕیارە لە دوو رۆژی داهاتوودا، تەرمی دوو کۆچبەری کورد بگەڕێندرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، کە لە رێگهی چوونیان بۆ ئەوروپا لە کەناراوەکانی یۆنان خنکاون.
حوسێن حەمە ساڵح، نوێنەری دەزگای لووتکە لە وڵاتی یۆنان بە تەلەفۆن بە 964+ی راگەیاند، رۆژی یەکشەمە 15ـی کانونی دووەم، تەرمی دوو کۆچبەری کورد، بە ناوەکانی (زانا قادر) کە خەڵکی پیرەمەگروونە و (زریان محەمەد) کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و هەڵگری رەگەزنامەی عێراقییە، لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەگەڕێنرێنەوە کوردستان.
وتیشی، لە نوقمبوونی یەختێكدا شەش هاوڵاتی هەرێمی کوردستانی تێدا بوو، جگە لەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە، دووانیان رزگار کراون و دووانیشان بێسەروشوێنن، بێسەروشوێنبووەکانیش خەڵکی هەولێر و قەڵادزێن و پشکنینی (دی ئێن ئەی) بۆ کەسوکاریان کراوە.
لە یهكی تشرینی دووەمی 2022 یەختێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیفای وڵاتی یۆنان ژێر ئاو کەوت، کە بووە هۆی خنکان و مردنی چەندان کۆچبەر و بەشێک لە کۆچبەرەکانیش کورد بوون.
بە پێی ئاماری دەزگای لووتکە بۆ کاروباری پەنابەران، لە ساڵی 2022دا، 17 کەس لە رێگەی کۆچ بۆ هەندەران گیانیان لەدەستداوە، حەوت کەسیش بێسەروشوێن بوون.