محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق
سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی هەولێر دەکات؟
ئەمڕۆ
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە چیای کۆڕەک بۆنەیەکی تایبەت بە نەورۆز رێکبخرێت، چەند سەرچاوەیەکیش باس لەوە دەکەن کە سەرۆکوەزیرانی عێراق دێتە هەولێر و دواتر بەشداری لەو بۆنەیەدا دەکات، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی سەردانەکەی سودانی پشتراستنەکردووەتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21.3.2024، سەرچاوەیەک بە 964ـی راگەیاند، سودانی لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دێتە هەولێر و لە چیای کۆڕەک ئامادەی ئێوارەخوانێک دەبێت، کە لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی عێراق و باڵیۆزان و کونسوڵی وڵاتان ئامادەکراوە.
بڕیارە بەر لە ئێوارە خوانەکە، سودانی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و چەند پرسێکی تایبەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی و پرسی دارایی تاوتوێ بکەن، سەرچاوەکە وای وت.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21.3.2024 و یهكهم رۆژی نهورۆزی 2724ی كوردی، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و تەواوی گەلی عێراق کرد و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە کارکردن و بنیاتنانەوە و چەسپاندنی هەنگاوەکان بۆ گەیشتن بە خواست و ئامانجە هاوبەشەکانی عێراقییەکان.
سەرۆک وهزیرانی عێراق وتیشی: بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە، پیرۆزبایی دڵسۆزانە ئاراستەی گەلی کوردی ئازیزمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق و هەموو گهلی عێراقی بهشهرهف دهكهم، که هیوا و خۆشی دەهێنێت و هیوای سبەینێیەکی گەش پێشان دهدات.
تێبینی: ئەم هەواڵە نوێکراوەتەوە لە کاتژمێر 5:42 خولەکی پاش نیوەڕۆ