ژینگەی هەڵەبجە ئاگاداری دەکاتەوە

سکاڵا لەسەر کارگەیەکی چیمەنتۆی ئامادەکراو تۆمار دەکرێت

پێشەوا محەمەد

لە هەڵەبجە هاوڵاتیان سکاڵا دەبەنە فەرمانگەی ژینگە تا لە دوکەڵی کارگەیەکی چیمەنتۆی ئامادەکراو رزگاریان بکەن، فەرمانگەکەش بەدواداچوون بۆ سکاڵاکە دەکات.

بەپێی بەدواداچوونی فەرمانگەکە، دوکەڵەکە بە شێوەیەکی هەمیشەیی نەبووە و رۆژانە یەک جار لە کاتی پاککردنەوەدا ئەو دوکەڵەی دەرکردووە.

سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، هەرکات سکاڵای ژینگەیی لای ئەوان تۆمار بکرێت راستەوخۆ بەدواداچوونی بۆ دەکەن و لیژنەی سەرپێچیشیان چوونەتە ئەو کارگەیە.

وتیشی، “دوکەڵەکە بە شێوەی هەمیشەیی نەبووە، بەڵام ئەوەی کە هەشیبووە هەر سەرپێچیی ژینگەییە و دەبێت ئەو دوکەڵە بە هیچ شێوەیەک نەهێڵێت”.

فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە سەرپەرشتیاری ژینگەیی لە کارگەکان دامەزراندووە و ئەوەش یارمەتیی فەرمانگەکەی داوە سەرپێچییە ژینگەییەکان کەمتر بن.

“سەرەتا کارگەکان ئاگادار دەکەینەوە و بەڵێننامە بە خاوەنەکانیان پڕدەکەینەوە سەرپێچی نەکەن، ئەگەر دووبارەیان کردەوە سزای مادییان دەدەین و دایاندەخەین”، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە وای وت.