ئەو دوکانەی چوکلێت و نوقڵ و جەلییەکەی تێدا گیراوە - وێنە: چاودێریی بازرگانیی سلێمانی
لەناو یەک دوکانی سلێمانیدا
دەستبەسەر نزیکەی 30 کارتۆن جەلی و نوقڵی بەسەرچوودا گیرا
پێشەوا محەمەد
لیژنەکانی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی لەناو یەک دوکاندا لەناو بازاڕی سلێمانی دەستیان بەسەر نزیکەی 30 کارتۆن جەلی و نوقڵ و چوکلێتی بەسەرچوودا گرت.
ئەوانەی دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە؛ 18 کارتۆن جەلی، شەش کارتۆن نوقڵ و سێ کارتۆ چوکلێت.
بڵند ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی بۆ 964ـی روونکردەوە، ئەو شوێنە هەم دوکانی هەبوو لەناو بازاڕی سلێمانی، هەم کۆگایەکی هەبووە و لیژنەکەیان دوکان و کۆگاکەشیان پشکنیوە.
وتیشی، “پسوڵەی سەرپێچیی بۆ کراوە و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، ئەگەر یەکەمجاری بێت شتی بەسەرچوو لە دوکانەکەی بگیرێت ئاگادار دەکرێتەوە و ئەگەر چەند جارێکی تر دووبارە بووبێتەوە ئەوا سزای مادی دەدرێت و دوکان و کۆگاکەشی دادەخرێت”.
لیژنەکانی چاودێریی بازرگانیی سلێمانی و قایمقامیەتیش پێشتر رایانگەیاندووە، لە مانگی رەمەزاندا چاودێریی وردتری دوکان و بازاڕەکان دەکەن.
بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی سلێمانی وتیشی، “ئێمە چوار لیژنەی بەردەواممان لەناو بازاڕدا هەیە، هەروەها چوار ئەندامیشمان لەناو لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانیدان”.