مەسرور بارزانی دەچێتە بەغدا

964+

فەهمی نەبی -هەولێر

چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەی نزیکی داهاتوودا، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر 400 ملیارەکەو چەند پرسێکی دیکە بچێتە بەغدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە +964ـی راگەیاند: وابڕیارە ئەمشەو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەسەردانێکی فەرمی بگاتە بەغدا.

سەرچاوەکە کە بەرپرسیاریەتی لە حکومەتدا هەیە، جەختی لە زانیارییەکانی کردەوە کە ئەگەر ئەمشەویش نەچێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە سبەی شەو لە بەغدا دەبێت، وتی “تەواوی ئامادەکارییەکان کراوە بۆ سەردانەکە”.

+964 زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە کە مەسرور بارزانی، لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی، کۆ دەبێتەوەو، تەوەری کۆبوونەوەکەشی ئەو خاڵانەیە کە لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی عێراقدا، هەردوولا لەسەری رێککەوت بوون و بووەتە بەشێک لە کارنامەی کابینەکەی سوودانی.

وێڕای پرسی 400 ملیارەکە کە هێشتا وەزیری دارایی عێراق رەزامەندی لەسەر نەداوە، ئەوا لە دیارترین ئەو خاڵانەی کە مەسرور بارزانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێی بکات ئەوا پرسی بودجەی ھەرێم، رێکەوتنی شنگال، پرسی مادەی 140، دۆسیەی نەوت و گاز، پێشمەرگە و لیوا ھاوبەشەکان.

لە 27ـی تشرینی یەکەمی 2022، محەمەد شیاع سودانی، وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریکرا لەو رێکەوتەوە، ئەمە دووەمجارە مەسرور بارزانی دەچێتە بەغدا.