لە میونشن

سودانی و كۆنگرێس پرسی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ عێراق تاوتوێ ده‌كەن

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق محه‌مه‌د شیاع سودانی، له‌ ئه‌ڵمانیا پرسی كۆتاییهاتنی ئه‌ركی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق، له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆنگرێسمانێكی ئه‌مریكی تاوتوێ كرد.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، محه‌مه‌د شیاع سودانی له‌گه‌ڵ چوار ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌ چوارچێوه‌ی كۆنفرانسی ئاسایش له‌ میونشن كۆبووه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت ئه‌ندامه‌كانی كۆنگرێسی ئه‌مریكا ئه‌مانه‌ بوون “مایك تێرنه‌ر، میكی شیریڵ، جۆو وێسلن و جێری كۆنۆڵی”.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ په‌یوه‌ندی نێوان عێراق و ئه‌مریكا كرا، هه‌روه‌ها چه‌ند دۆسیه‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌ردوولا گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا، هه‌روه‌ها تیشك خرایه‌سه‌ر ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی ئێستا به‌رده‌وامن بۆ كۆتاییهێنان به‌ ئه‌ركی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراقدا.

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، هه‌ردوولا باسیان له‌ گواستنه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه‌ی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی بۆ قۆناغی دۆستانه‌ و هاوبه‌شی كرد، به‌ تایبه‌تی دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق گه‌یشتوونه‌ته‌ ئاستێكی باڵای ئاماده‌كاری.

حكومه‌تی عێراق فشارێكی زۆری له‌سه‌ره‌ بۆ ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق ده‌ربكات، به‌ تایبه‌تی له‌ لایه‌ن لایه‌نه‌ شیعییه‌كانه‌وه‌، فشاره‌كانیش زیاتر له‌ دوای ئه‌و هێرشه‌ی درۆنییه‌ هات، كه‌ له‌ ئێواره‌ی 7ی ئه‌م مانگه‌ كرایه‌ سه‌ر ئۆتۆمبێلێك له‌ ناو به‌غدا و به‌هۆیه‌وه‌ دوو سه‌ركرده‌ی کەتائیبی حزبوڵای عێراقی كوژران.

محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆنفرانسی ئاسایشی 2024 له‌ میونشن به‌شداره‌، كه‌ دوێنێ ده‌ستیپێكرد، كه‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانییش به‌شداره‌.

داوا ده‌كرێت ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێته‌وه‌ و سودان...

داوا ده‌كرێت ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێته‌وه‌ و سودانیش ئاماده‌ بێت