تا لە دەرەوەى گەراج نەفەر هەڵنەگرن

رێگرى لە شۆفێرانى هێڵى پاسەکانى گەراج بەغداد دەکرێت

964+

دیلان محەمەد- سلێمانی

شۆفێرانى هێڵى پاسەکانى گەراجى بەغداد لە سلێمانى گردبوونەوە و داوا دەکەن هێڵەکانیان بۆ رێکبخرێتەوە و مافەکانیان بپارێزن.

بەپێى بەداواداچوونەکانى 964 کێشەى شۆفێرانى هێڵى پاسەکانى گەراج بەغداد ئەوەیە، لەلایەن شۆفێرانى هێڵەکانى دیکەى ناو شارەوە رێگریان لێدەکرێت لە دەرەوەى گەراجەکە نەفەر هەڵبگرن یان دایبەزێن، بەو هۆیەوە زۆر جار لەگەڵ شۆفێرانى هێڵەکانى دیکە توشى کێشە دەبن.

ئالان حەمەساڵح، لێپرسراوى هێڵى پاسەکانى گەراج بەغداد بە 964ى وت،”نوسراوەکەی وەزارەتی گواستنەوە پێچەوانەی یاسایە، چونکە ئەم پاسانە هێڵی گشتین و بۆیان هەیە لە سەرجەم شەقامە گشتییەکان سەرنشین هەڵبگرن”.

جەزا عەبدوڵا، شۆفێری پاسێکی هێڵەکەیە و قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: 23 ساڵە لێرە کار دەکەم یەکەمجارە ببینم رێگری بکرێت لە هێڵی گشتی، توشی شەڕو پەلامار دەبین کاتێک سەرنشین سەر دەخەین یا دایدەبەزێنین.

لاى خۆیەوە، سدیق محەمەد بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە 964 وت،”شەقامی تاسڵوجە تا دەگاتەوە بەردەمی مزگەوتی گەورە پاسەکانی هێڵی گەراجی بەغداد هاتوچۆی پێدا دەکەن، هێڵێکی گشتییە و کەس بۆی نیە قۆرخی بکات.”

“شۆفێرانى هێڵى گەراج بەغداد دەتوانن لە بەڕێوەبەرایەتى گواستنەوەى سلێمانى سکاڵا تۆمار بکەن هەرکاتێک رێگریان لێکرا نەفەر هەڵبگرن، هەر هێڵێکیش رێگریان لێبکات رێکارى یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر” بەڕێوەبەرى گواستنەوەى سلێمانى واى وت.

پێداچوونەوە- وریا فەتاح

ژاراوە بۆ رانیە بە دوو هەزار

ژاراوە بۆ رانیە بە دوو هەزار