یەکێک لە شەقامە رووناککراوەکان - وێنە: ئاژانسی هەواڵیی عێراق
چەند کۆمپانیایەک ئامادەن
عێراق رووناککردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەکان بە وزەی خۆر تاوتوێ دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
وەزارەتی کارەبای عێراق لە تاوتوێی ئەوەدایە وزەی خۆر بۆ روناککردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەکان بەکاربهێنێت، کە ماوەیەکە خەریکیەتی.
ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتەکە ئەمرۆ چوارشەممە 7.2.2024 رایگەیاندووە، پێشتر وەزارەتی کارەبا هەڵمەتی گەورەی دەستپێکردبوو بۆ روناککردنەوەی دەروازەکانی چوونەژوورەوە بۆ شارەکان، شەقامەکان، رێگا سەرەکییەکان، پردەکان و هەروەها رووناککردنەوەی شوێنە گەشتیارییەکان بە شێوەیەکی کولتووری و سەرنجڕاکێش.
دەشڵێت، رووناککردنەوەی ئەو شوێنانە هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ و باشتر کۆنتڕۆڵکردنی ئەمنییەتی ئەو ناوچانە.
بۆ ئەو مەبەستە چەند کۆمپانیایەک ئۆفەریان داوەتە وەزارەتی کارەبای عێراق تا سوود لە وزەی خۆر وەربگرن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکە.
ئەحمەد موسا لەوبارەیەوە وتوویەتی، “کۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەکیش بۆ ئەو مەبەستە ئۆفەریان پێشکەش کردووە و ئێستا وەزارەتەکە لە لێکۆڵینەوەی ئۆفەرەکاندایە”.