مەرجەکان چین؟
تەندروستى راپەڕین 24 هەلى دامەزراندن رادەگەیەنێت
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتى گشتى تەندروستى راپەڕین، 24 هەلى دامەزراندن بەشێوەى گرێبەست رادەگەیەنێت، لە مەرجەکانیشدا هاتووە، پێویستە داواکار خەڵکى سنورى ئیدارەى راپەڕین بێت.
وەک ئەوەى بەرێوەبەرایەتییەکە بڵاویکردووەتەوە، بەمەبەستی پێشکەشکردنی زیاتری خزمەتگوزاری تەندروستی لەسنوری راپەڕین 24 هەلی دامەزراندن بەشێوەی گرێبەست کە دەرچووانی کۆلێژی پەرستاری و بەشی سڕکردن پەیمانگە دەگرێتەوە رادەگەیەنن.
تەها محەمەد، وتەبێژى تەندروستى راپەڕین بە 964ى وت، “مەرجە ئەو کەسەى داواکارى پێشکەش دەکات، دانیشتووى سنوورى ئیدارەى راپەڕین بێت و سەرجەم زانیارییەکان بە زمانى کوردى پڕبکاتەوە، لە هەر خێزانێکیش یەک کەس دەتوانێت سودمەند بێت لەو دامەزراندنە”.
ئەو کەسانەى دەرچووى پەرستارى زانکۆ و دەرچوى سڕکردنى پەیمانگەن، دەتوانن داواکارى پێشکەش بکەن و بۆ هەر یەکێک لەو دوو بەشەش 12 کەس دادەمەزرێنرێن.
دەرچوانی ئەم دوو بەشە دەتوانن لە رێگەی ئەم لینکەوە زانیاریەکانتان بنێرن و دوا وادەش بۆ وەرگرتنی زانیاریەکان رێکەوتی 15.2.2024 دەبێت.
وتەبێژى تەندروستى راپەڕینیش دەڵێت: سەرجەم فۆڕمەکان لەلایەن لیژنەیەکى تایبەتەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و بڕیاریان لەسەر دەدرێت، دواتریش سەرجەم دامەزراوەکان بەسەر نەخۆشخانەکانى سنورەکەدا دابەشدەکرێن، بەپێى پێویستى نەخۆشخانەکان.