"مەترسی هەیە"

لە پێنجوێن بارینی بەفر چوار هێندە کەمیکردووە

964+

کامیار کەمال – پێنجوێن

تا ئەمڕۆ دووشەممە 5.2.2024، لە وەرزی دابارین و لە قەزای پێنجوێن دوو هێندەی ساڵی رابردوو باران باریوە، بەڵام بارینی بەفر لە قەزاکە چوار هێندەی ساڵی رابردوو کەمیکردووە.

پێنجوێن، ساڵانە پێویستی بە 750 ملیم باران هەیە بۆ وەرزی کشتوکاڵ، بەڕێوەبەری بەشی کەشناسی لە کشتوکاڵی پێنجوێن، مەترسییەک بۆ 15 تا 20 ساڵی داهاتووی قەزای پێنجوێن دەخاتەڕوو.

بەهادین حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پێنجوێن بە 964ی وت، لەمساڵدا تەنیا حەوت سانتیمەتر بەفر باریوە لە کاتێکدا، ساڵی رابردوو تا ئەمکاتە 46 سانتیمەتر بەفر باریبوو، بەوەش ئاستی بەفربارین لە پێنجوێن بۆ چوار هێندە کەمی کردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو تا ئەمڕۆ.

پێنجوێن لە 20 ساڵدا شەش پلە گەرمتر بووە

پێنجوێن لە 20 ساڵدا شەش پلە گەرمتر بووە

بە قسەی ئەو بێت، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، 24 ملیم باران باریوە و تا ئێستاش باران بارین بەردەوامە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تا ئەم کاتە 441 ملیم تێکڕای باران بارین بوو، بەڵام ئەمساڵ تا ئەمڕۆ 646 ملیم باران باریوە، سەرەڕای ئەوەش ئەو رێژەیەش دابارینە بۆ وەرزی کشتوکاڵکردن لە پێنجوێن کەمە.

“قەزای پێنجوێن بۆ ئەوەی تووشی وشکەساڵی نەبێت، ساڵانە پێویستی بە 750 ملیم باران و یەک مەتر بەفر هەیە، ئەو رێژەیەش بۆ ئاوی ژێر زەوی زۆر باشە، بەڵام ئەگەر بەفر نەبارێت ئەوا بە بارینی 750 ملیم بارانیش هێشتا مەترسی لەسەر وەرزی کشتوکاڵ دەبێت، چونکە بەفر دەبێتە هۆی کۆبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی”.

بە وتەی بەڕێوەبەری بەشی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی پێنجوێن بێت، ئەگەر هاتوو وەرزی دابارین، بەم شێوازە بەردەوام بێت ئەوا لەماوەی 15 تا 20 ساڵی داهاتوو کێشەی ئاو بۆ قەزاکە دروستدەبێت، چونکە پێنجوێن، قەزایەکی کشتوکاڵییە و خاوەنی 81 هەزار و 762 دۆنم زەوی کشتوکاڵییە و ساڵی 2023 زیاتر لە 280 هەزار تەن بەرووبومی کشتوکاڵی هاوینەیی هەبووە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا