پۆلیسی هاتوچۆ: کە ئێمەتان بینی مەشڵەژێن

ماستەرپلانی هاتوچۆی هەولێر دادەڕێژرێتەوە

مەفرەزەیەکی هاتوچۆی هەولێر – وێنە/ پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر

میدیازان – فەرمان سادق – هەولێر

ئەم بەیانییە بەشێوەیەکی کتوپڕ چەند مەفرەزەیەکی هاتوچۆ لەشەقامە سەرەکییەکانی هەولێر بڵاوبوونەوە، ئەم جوڵەیە پرسیاری زۆری لای خەڵکی دروست کرد، میدیازان دوای وەڵامەکان کەوت.

کاتژمێر هەشتی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٩ـی تشرینی یەکەم، دەیان مەفرەزەی پۆلیسی هاتوچۆ لەشەقامەکانی هەولێر بڵاوەیان پێکرا، ئەمەش بووە جێی سەرنج و دەیان خەڵک لەسۆشیال میدیا پۆستیان لەسەر کرد.

عەقید فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بە میدیازانی راگەیاند، بڵاوبوونەوەی مەفرەزەکانی هاتوچۆ لەشەقامەکانی هەولێر، ماوە ماوە دەبینرێت و پێویست بە شڵەژانی هاوڵاتیانی ناکات.

وتی “ئەوەی هەیە، بەشێکە لە داڕشتنەوەی ماستەرپلانی هاتوچۆی هەولێر، لە چوارچێوەی داڕشتنەوەو پێداچوونەوەی ماستەرپلانی هەولێر وەک شار، ئەو ماستەرپلانەش رێکخراوی جایکای ژاپۆنی ئەنجامی دەدات”.

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بۆ ماوەی یەک رۆژێک ١٠ کامێرای جێگیریان لە شەقامەکانی هاتنەناوەوەی هەولیر دانا، بە ئامانجی ژماردنی ئە ئۆتۆمبێلانەی لە کاتژمێرێکدا دێنە ناوشار، هاوکات بە پێچەوانەوەش.

بەپێی بەدواداچوونی میدیازان، لە ئێستادا رێکخراوی جایکا سەرقاڵی ئیشکردنە لەسەر سەنتەری هەولێر، ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و هەر رۆژێکیش لە رێگەی ١٠ کامێرای جێگیری رێکخراوی جایکا، سەرژمێری ئۆتۆمبێل دەکرێت و پرسیاریش لە شوفێران دەکرێت.

ئەفسەری پۆلیسی هاتوچۆی یەکێک لە مەفرەزەکان، بە میدیازانی وت،  لە مەفرەزەکانی هاتوچۆدا پرسیاری ئەوە لەشوفێران کراوە کە “لەکوێ دێی؟ دەچی بۆ کوێ؟ بە چەند خولەک دەگەیت؟ ئەوە رێگای رۆژانەیە کە بەکاری دەهێنی؟” هاوشانی ئەو پرسیارانەش، چەند پرسیارێکیش لەسەر ئاماژەکانی هاتوچۆ لە شوفێرەکان کراوە.

فازڵ حاجی، روونکردنەوەی زیاتری لەسەر مەفرەزاکان بە میدیازان دا، ئەوەی خستەڕوو کە کارمەندێکی رێکخراوەکە لەگەڵ مەفرەزەکان دەبن، ئەوان پرسیارەکە دەکەن لەچوارچێوەی راپرسیەکی رێکخراوەکە بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە هاتوچۆی هەولێر.

زیاتر وتی “بەشێکی تر لە کاری جایکا، دانانی کامێرای جێگیرە لەشەقامە سەرەکییەکان بۆ ژماردنی ئەوەی چەند ئۆتۆمبێل لە کاتژمێرێکدا بەو شەقامەدا تێپەڕ دەبن”.