نیوەڕۆی ئەمڕۆ بووە
وەزارەتی ناوخۆ: پەکەکە هێرشی کردووەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەوان هێرشیان نەکردووەتە سەر چەکدارانی پەکەکە، بەڵکو سەرەتا هێرشیان کردووەتە سەر بازگەیەکی پێشمەرگە.
روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆ لەسەر بنەمای بڵاوکردنەوەی هەواڵێک بووە لە میدیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەبەشێکی روونکردنەوەکە هاتووە، “چەکدارانی پەکەکە نیوەڕۆی ئەمرۆ رێکەوتی 24.1.2024 بە دەیان کیلومەتر دوور لە سنووری تورکیا لە دەڤەری ئامێدی، بەبێ رێزگرتن لە دامودەزگا فەرمی و دەستوریییەکانی هەرێم، زێدەڕۆییان بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی زێرەڤانی کردووە و دواتر بە مووشەک هێرشیان کردۆتە سەر هەمان بازگە و هێزەکانی پێشمەرگەی زێرەڤانیش لە پێگەکانی خۆیانەوە بەرگرییان لە خۆیان کردووە”.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە روونکردنەوەکەیاندا ئەوەشیان نووسیوە، “هەرێمی کوردستان نابێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ململانێیە ناوچەییەکان و پاڵپشتی هەموو هەوڵ و رێکارێکی ئاشتیانەش دەبین لە پێناو چارەسەریی کێشەکان و جێگیرکردنی ئاشتی و ئارامی، بەڵام مافی بەرگریکردن بۆ هێزەکانمان پارێزراوە و بە توندی دژی هەر هەوڵێک دەوەستین کە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دامودەزگا فەرمییەکانی بکاتە ئامانج”.