بەدواداچوون بۆ بڕی بەرهەم دەکرێت

وەزارەتی بازرگانی عێراق داوا دەکات لە هەرێمەوە هێلکەیان بۆ هەناردە بکرێت

ژووری هەواڵ

وەزارەتی بازرگانی عێراق داوا دەکات لەهەرێمی کوردستانەوە هێلکەیان بۆ هەناردە بکرێت، پێشنیاری بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی خۆمان کردووە میکانیزمێک بۆ هەناردەکردنەکەی بدۆزنەوە.

لەبارەی پێشنیارەکەی وەزارەتی بازرگانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 14.1.2024، هەردوو وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی هەرێم لەگەڵ خاوەنی پرۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە کۆبوونەوە و رایانگەیاند، لیژنەیەکی هاوبەش پێکدەهێنرێت بۆ هەناردەکردنی هێلکەی پێویست بۆ باشوور و ناوەڕاستی عێراق.

ئەمڕۆ دووشەممە 15.1.2024، مستەفا عەبدولرەحمان، سەرۆکی یەکێتی هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان بە 964ـی راگەیاند، ئاگاداری ئەو پێشنیارە هەن و چاوەڕواندەکرێت هێلکەی هەرێمی کوردستان بۆ عێراق و بەشێک لە وڵاتانی کەنداویش هەناردە بکرێت.

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم دەڵێت، بەدواداچوون دەکرێت بۆ بڕی بەرهەمهێنان و پێویستییەکانی بازاڕی ناوخۆ و بەرژەوەندی سودی گشتیی هاوڵاتیان لەبەرچاودەگیرێت ، ئینجا بڕیار لەسەر هەناردەکردن یان نەکردنی هێلکە دەدرێت.

لە هەرێمی کوردستان 33 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن، 15 پرۆژەیان لە سنووری پارێزگای هەولێرن، 11 پڕۆژە لە سلێمانی، پێنج پڕۆژە لە دهۆک و دوو پڕۆژەش لە گەرمیانن.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، لە ساڵی 2022 بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان بەرێژەی 50٪ لە پێداویستی ناوخۆ زیاتر بووە و بڕی هەناردە گەیشتووەتە زیاتر لە 919 ملیۆن هێلکە.