داوای بورجی زیاتر دەکەن
نەبوون و لاوازی هێڵەکانی پەیوەندی خەڵکی ئامێدی بێزارکردووە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
قەزای ئامیدی بە سنوورەکانیەوە هێڵەکانی پەیوەندی تیایاندا زۆر لاواز بووە و خەڵکی ناوچەکەش دەلێن، ناتوانین پەیوەندی بە ئاسانی بکەین و زۆر بێزار بووین.
شەش مانگە بەهۆی شەڕی سوپای تورکیا و پەکەکە و دانانی هێڵەکانی تورک سێل، تەشویشی زۆر کەوتووەتە سەر هیڵەکانی پەیوەندی ناوچەکە و هیڵەکانی پەیوەندی بڕیوە.
هەژار سەرگەلی خەڵکی گوندی سەرگەلیە لە ئامیدی بە 964ـی وت، چەند مانگێکە هیڵەکانی هەموو کۆمپانیاکان زۆر لاواز بووە و پەیوەندی ناڕوات بۆ هیچ کەسێک و هەرچی کارت داخڵ دەکەین هیچ سوودێکی لێ نابینین.
شڤان ئامێدی هاوڵاتیەکی خەڵکی قەزای ئامێدیە بە 964ـی وت، زۆر جار پەیوەندی دەکەین تیکەڵی هێڵەکەی تورکیان دەبێت ماوەیەکە سوپای تورکیا بورج و هێڵی خۆی داناوە و داوای چارەسەری ئەو کێشەیە دەکەین.
باسل گولیک ئیسماعیل بەڕێوەبەری پۆستە و گەیاندنی ئامێدی بە 964ـی وت، نزیکەی شەش مانگە و دوای شەڕی قورسی نیوان سوپای تورکیا و پەکەکە هیڵەکانی پەیوەندی لە سنووری ئامیدی زۆر لاواز بووە ئەگەرەکەی ئەو شەڕەیە و هەروەها دانانی بورجێکی زۆرە لە لایەن تورکیاوە لەو سنورە.
وتیشی، “ئێمە لەگەڵ کۆمپانیاکانی پەیوەندی لەسەر هێڵین و دوامان کردووە بورجەکانی خۆیان زیاد بکەن بە تایبەت کۆمپانیای کۆڕەک، سنووری ئامیدی زۆر چیا و دۆڵی هەیە بۆیە پیویستی بە ژمارەیەکی زۆری بورجی هیڵەکانی پەیوەندی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە”.
پێداچوونەوە: توانا نەقی