"وەبەرهێنانی سنوورەکە فراوان دەبێت"

وەبەرهێنانی ئاکرێ و بەردەڕەش چاوەڕێن بینایان بۆ دروست بکرێت

پێشەوا محەمەد

بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنانی دهۆک هەموو شتێکی ئامادەیە جگە لە بینا، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک دەڵێت ئەو بەڕێوەبەرایەتییە کاریگەری باشی بۆ سەر بووژانەوەی ئەو ناوچانە هەیە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ئاکرێ دەبێت و بەڕێوبەرەیشی بۆ دیاریکراوە و دوو شوێنیش بۆ بەکرێگرتنی بیناکە دەستنیشان کراون و بڕیار وایە بە زوویی بڕیار لە شوێنێکیان بدرێت.

هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی دهۆک بە 964ـی وت، “بەڕێوەبەرایەتییەکە سەرپەرشتی پڕۆژەکانی هەردوو قەزاکە دەکات و ئەوان مامەڵە و بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکان دەکەن و مۆڵەتەکانیش لای ئێمەوە رەزامەندیان لەسەر دەدرێت”.

وتیشی، “لە سنووری قەزای ئاکرێ 13 پڕۆژەی وەبەرھێنان، لە بەردەڕەشیش 14 پڕۆژە بوونیان هەیە و بە کردنەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئەو دوو قەزایە لە رووی وەبەرهێنان و بووژانەوەوە چەند هەنگاوێک دەچنەپێشەوە”.