11 جۆری گەنمە تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێت
بەم زستانە لە کۆیە گەنم دروێنە دەکرێت
964+
فەهمی نەبی
سەنتەری توێژینەوەی گەنم لە کۆیە 11 جۆر گەنمی وەک تاقیکردنەوە چاندووە، کە دەتوانرێت لە زستانان بەرهەم بدات، دوێنێ یەکەم وەجبەی ئەو گەنمەیان دروینە کردووە.
فەهمی ساڵح بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی گەنم لە کۆیە، بە 964-ی وت، “12 ساڵە لە پرۆسەی تاقیکردنەوەم، هێشتا لە قۆناغی تاقیکردنەوەم و نەگەیشتوومەتە ئەنجام، بەڵام بە ئەگەری زۆرەوە ئەو گەنمەی ئەمساڵ دروێنەمان کردووە سەرکەوتوو بووە”.
ئەو بەڕێوەبەرە ئەوەش دەڵێت، تا ئەنجامەکان دەرنەچن ناتوانین بڵێن کام جۆری گەنم سەرکەوتوو بووە، بەشی هەرە زۆری ئەو گەنمانە لێکدراون، بەسەرکەوتنی ئەم تاقیکردنەوەیە ئیدی دەتوانین لەساڵێکدا دووجار گەنم بچێنین و دروێنەی بکەین.
سەبارەت بەوەی ئایا دوای سەرکەوتنی ئەم تاقیکردنەوەیە، جوتیاری دیکە دەتوانن سوود لە چاندنی ئەو گەنمە وەربگرن؟ فهمی ساڵح دەڵێت، ئەم جۆری گەنمە وەک ئەو گەنمە نیە کە لە زستانان دەچێندرێت و لە هاوین دروێنە دەکرێت، بەڵکو دەبێت بەپێی کۆمەڵێک رێنمایی بچێندرێت.
مانگی ئاداری ساڵی رابردوو، سەنتەری توێژینەوەی گەنم لە کۆیە دوو جۆری نوێی گەنمیان راگەیاند کە لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق تۆمارکراون.