کەمئاویش بوونی نامێنێت

کێشەی تام و بۆنی ئاوی دوزخورماتوو چارەسەر کرا

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

دانیشتووانی قەزای دوزخورماتوو دڵنیا کرانەوە کێشەی تام و بۆنی ئاوی قەزاکە چارەسەر کراوە و تەندروستی قەزاکەش دەڵێت، لەمەودوا کێشەی ئاو بوونی نابێت.

چەند مانگێک بوو دانیشتوانی قەزاکە بەدەست رەنگ و بۆنی ئاوەوە گیریان خواردبوو، جگە لەوەش کێشەی کەمیی ئاویان هەبوو.

محەمەد ئەکبەر، بەڕێوبەری کەرتی تەندروستی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، “لە ماوەکانی رابردوودا چەندین پشکنینمان بۆ ئاوی قەزاکە کردووە و  نموونەی ئاوی قەزاکەمان بردووتە تاقیگە گەورەکانی شاری بەغدا و ئەمڕۆ هەستاین بەهێنانی بڕێکی باش لە مادەی کلۆر، پاش ئەوەی حەوزی خەزانی ئاوەکان پاک کرانەوە”.

وتیشی، “دڵنیایی دەدەین بە دانشتوانی قەزاکە کە چیتر کێشەی پیسبوون یاخود گۆڕانی تاموبۆنی ئاوی خواردنەوەیان دووبارە نابێتەوە و چارەسەرمان کردووە”.

تاکە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی قەزای دوزخورماتوو ئاوی دوکانە، کە لە کەرکوکەوە ده‌گاته‌ لەیلان و پاشان قەزای داقوق و دواتر دەگاتەوە سنووری دوزخورماتوو.

ئیسماعیل مسته‌فا، بەڕێوبەری فەرمانگەی ئاوی دوزخورماتوو بە 964ـی وت، “لەنێو بەشێک لە گەڕەکەکانی قەزاکە کێشەی شکانی بۆریی ماڵان هەیە دەبێت خاوەن ماڵ هەستێت بە چاککردنی بە پێچەوانەوە سزای مادی دەدرێت بە بڕی 100 ھەزار دینار”.

وتیشی، “چەندین ئامێر و ماتۆڕەکانی ئاو لەنێو پڕۆژەکە ساڵانێکە پەکیان کەوتبوو، توانیمان لە رێگەی وەزارەتەوە بەشێک لە ئامێری نوێمان بۆ دابین بکرێت و بەشەکەی تر چاک بکرێتەوە و چیتر لە کاتی هاویندا مەترسیی کەمی ئاو لەسەر قەزاکە نابێت”.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد