دۆسییەکەیان لە دادگایە
لە 2023 دوو پۆلیسى دارستان لە کاتى راوکردندا دەستگیرکراون
+964
میلاد جەلال_گەرمیان
لە ماوەی ساڵی 2023 لە گەرمیان 147 سەرپێچیکار لەکاتی راوکردن و بڕینەوەی دار لەلایەن پۆلیسی دارستانەوە دەستگیرکراون، 19 تاپڕ و 17 مۆلیدەى کارەبایش دەستیان بەسەرداگیراوە.
بەپێى ئەوەى پۆلیسى دارستانى گەرمیان خستوویەتییەڕوو،لە 2023دا، ژمارەى سەرپێچیکاران 37 کەس بە بەراورد بە ساڵى 2022 زیادى کردووە کە لەو ساڵەدا 110 کەس بوون.
ئەکرەم کامیل، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانی گەرمیان بە 964ى وت،”لە ساڵی 2023 بەردەوام مەفرەزەکانمان لە دەرچون بوونە بۆ ئەو ناوچانەی ئەگەری راوی تێدایە، بۆیە توانیومانە 147 سەرپێچیکار دەستگیر بکەین و دەستیش بەسەر ئەو کەرەستانەدا بگرین کە پێیان بووە”.
بە وتەى ئەکرەم کامیل، لەناو ئەو سەرپێچیکارانەى دەستگیرکراون دوو کەسیان پۆلیسی دارستانن،ئێستا دۆسیەی ئەو دوو پۆلیسە و ژمارەیەک کەسیتر، لە دادگایە و یەکلایى نەبوونەتەوە.
“ئەو سەرپێچیکارانەی دەستگیرکراون پسوڵەى سزای سەرپێچیان بەبڕی دوو ملیۆن 500 ھەزار دینار بۆ کراوە”، ئەکرەم کامیل وای بە964 وت.
بەپێی ئامارێکی پۆلیسی دارستانی گەرمیان ئەم کەرەستانە لەماوەی ساڵی 2023 دەستیان بەسەرداگیراوە:
دوو کڵاشینکۆف، لەگەڵ 12 فیشەکی کڵاشینکۆف.
19 تاپڕ و چوار بادی، لەگەڵ 87 فیشەکی تاپڕ.
75 داری بڕاو.
56 تۆڕی ماسی و 10 کەڵەک.
17 مۆلیدە و کەرەستەی کارەبایی.
57 کەرەستەی ڕاو.
10 ماتۆڕسکیل.
49 باڵندە ئازادکراوە.
37 کیلۆ ماسی.
دوو جەرسە و یەک چەکی سەمینۆف.