37 کەس لە رێگە گیانیان لەدەستداوە
“ئەمساڵ 21 هەزار کەس لە هەرێمەوە کۆچیان کردووە”
964+
ژووری هەواڵ
لە ماوەی 12 مانگی رابردوودا، 21 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستانەوە کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، ئەمە بە گوێرەی ئامارێک کە لەلایەن کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان بڵاوکراوەتەوە.
بەکر عەلی، سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی هەرێمی کوردستان رۆژی شەممە لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کۆی ئەو 21 هەزار کەسەی کە لە 12 مانگدا کۆچیان بۆ ئەوروپا کردووە، سێ هەزار و 400 کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون.
بە گوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەکە، “ژمارەیەکی زۆری کۆچبەر لەسنوری بیلاروسیا و چەند وڵاتێک لە زینداندان”.
لە کۆی 21 هەزار کەس کە کۆچیان کردووە، 37 کەسیان لە رێگەی گەیشتن بە ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە، کە شەش کەسیان خەڵکی دەڤەری راپەڕین بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 31.12.2023، ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لووتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بە 964ـی راگەیاند، لە ماوەی ئەمساڵدا 19 هەزار و 500 هاوڵاتی عێراقی سەروو تەمەن 18 ساڵ داوانامەی مافی پەنابەریان پێشکەش بە وڵاتانی ئەوروپا کردووە.