بەرهەمهێنانی گەنمەشامی لە هەرێم ریکۆردی شکاند
964+
توانا نەقی – هەولێر
بەرهەمی گەنمەشامی لە هەرێمی کوردستان لەماوەی چوار ساڵدا لە 800٪ زیادیکردووە، بەرهەمهێنانیشی گەیشتووەتە 500 هەزار تۆن لە ساڵێکدا.
هیوا عەلی، وتە بێژی وەزارەتی کشتوکاڵ بە 964+ـی راگەیاند، لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا یەکەمجارە بەم شێوەیە ئاستی بەرهەمهێنانی گەنمەشامی بگاتە ئەو ئاستە و 500 هەزار تۆن بەرهەم هاتبێت.
وتیشی، بەرهەمهێنانی گەنمەشامی لە هەرێمی کوردستان لە 80٪ـی لە پارێزگای هەولێر و ئەوەی تری لە شارەکانی تر بەرهەم دەهێنرێت، “کەش و هەوای هەرێمی کوردستان باشترین کەش و هەوایە بۆ بەرهەمی گەنمەشامی”.
964+ دەزانێت لە هەرێمی کوردستان 38 کارگەی ئالیک و هەشت کارگەی وشکردنەوەی گەنمەشامی هەیە.
هیوا عەلی، لەسەر پێداویستی ناوخۆ بۆ گەنمەشامی روونیکردەوە، بەرهەمەکە بۆ ئەم ساڵ زۆرە، پاش ئەوەی پێداویستی ئالیک کە ساڵانە لە دەرەوە هاوردە دەکرا و پێداویستی ناوخۆی پڕدەکاتەوە، ئەوەی زیاد بێ دەنێردرێتە ناوەڕاست و خواروی عێراق.
لە هەرێمی کوردستاندا بەهۆی گونجاوی کەشو هەواکەیەوە لە دوو وەرزدا گەنمەشامی بەرهەمدەهێنرێت، “پلانمان هەیە بەهۆی خێرایی بەرهەمهێنانەوە لە ماوەی پێنج وەرزی داهاتوو بگەینە بەرهەمهێنانی تەرزی نایابی گەنمە شامی”، هیوا عەلی وا دەڵێت.