ئاهەنگی تێدا نییە
ئەمساڵ شەقامە بەناوبانگەکەی سلێمانی داناخرێت
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بەهۆی ئەوەی هیچ مەراسیمێکی سەری ساڵ لە شەقامی سالمی سلێمانی ئەنجامنادرێت، ئەمساڵ شەقامەکە بەربەست ناکرێت و هاتوچۆ تیایدا ئاسایی دەبێت.
ساڵانی رابردوو لە شەوی سەری ساڵدا بەهۆی بوونی ئاهەنگی جۆراوجۆر لەو شەقامەدا، هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی تێدا قەدەغە دەکرا و هەموو ئەو کۆڵان و گەڕەکانەی دەهاتنەوە سەر ئەو شەقامە بەربەست دەکران.
بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ـی وت، “لە کۆبونەوەی لیژنەی ئەمنی شاری سلێمانیدا بڕیار لەسەر بەربەستکردنی شەقامی سالم نەدراوە تا ئێستا”.
ناوبراو باسی لەوە کرد، هیچ مەراسیمێکی حکومی و تایبەتی لەو شەقامە بەڕێوە ناچێت، هەر بۆیە شەقامەکە بەربەست ناکرێت و هاتوچۆ تیایدا بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بۆ شەوی سەری ساڵ لە سلێمانی، ناوبراو وتی، “سبەی شەو تیمەکانی هاتوچۆ لە ئەرکدا دەبن بۆ رێکخستنی شەقامەکان هاوشان لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ”.
دیوارەکەی شەقامی سالم مێژووی لەسەر دەنەخشێندرێت
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد