پلەبەرزکردنەوەش تاوتوێ دەکات
دادگای فیدراڵی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆدەبێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ دەکات لەبارەی دوو سکاڵا کە تایبەتن بە موچەخۆرانی هەرێم و دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی کوردستان.
کۆبوونەوەکەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 24.12.2023 بەڕێوەدەچێت، بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگاکە، یەکێک لە سکاڵاکان لەلاین چوار فەرمانبەری هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکراوە و داوای دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە دەکەن.
لە سکاڵاکەدا داواکراوە دادگا ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێم پابەند بکات بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پێدانی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەکاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتن و گێڕانەوەی مافەکانیان.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، دادگای فیدراڵی بۆ جاری دووەم تاوتوێی سکاڵایەک بکات کە لەلایەن نۆ فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر سەرۆک وەزیرانی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە.
ئەو فەرمانبەران لە سکاڵاکەیاندا، داوایان کردووە حکومەت و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی دروستیی یاسای موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 22ی ساڵی 2018ی هەموارکراوی فیدراڵی وەکو خۆی، بەتایبەت مادەکانی (6، 7، 8، 9)ی یاساکە.
داواش دەکەن ئەو بڕیار و رێنوێنییانەی لە حکومەتی کوردستانەوە لەبارەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون، هەڵبوەشێنەوە.