بەشی شەبەکەی وێستگەی کارەبای دەربەندیخان کە لافاوی تێچووە. فۆتۆ: قایمقامیەتی دەربەندیخان.
بە کاتی چارەسەر کراوە
کێبڵەکانی وێستگەی کارەبای دەربەندیخان ژێرئاوکەوتوون
964+
ژووری هەواڵ
ئاوی باراناو چووەتە ناو شەبەکەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دەربەندیخان و بەشێک لە کێبڵەکان و ئامێرەکانی گواستنەوەی کارەبا ژێر ئاوکەوتوون، ئەمە مەترسی پچڕانی کارەبای دروستکردووە، قایمقامیەتی قەزاکەش دەڵێت، بەشێوەیەکی کاتی چارەسەر کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24.12.2023، سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، شەوی رابردوو لافاوێکی زۆر لەبەردەم شەبەکەی 11 و 33 و 132 کەی ڤی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای دەربەندیخان دروسبووە و ئاوێکی زۆر لەناو گەلەری شەبەکە کۆبووەوە و کێبڵەکانی داپۆشیبوو.
“شارەوانی دەربەندیخان و کۆمپانیای ئۆرانۆس بەشێوەیەکی کاتی کێشەکەیان چارەسەر کردووە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت ئەم مەترسیە دووبارە ببێتەوە”، قایمقامیەتی دەربەندیخان وا دەڵێت.
حەمید على محەمەد، بەڕێوەبەرى وێستگەى کارەبای دەربەندیخان بە 964ـی وت، ئاوی نێو شەبەکەکەیان دەرکردووە و لەئێستادا سەرقاڵی پاکسازین و کێبڵەکان وشک دەکەنەوە و پشکنین بۆ ئەو ئامێرانە دەکەن کە کەوتبوونە ژێر ئاوەکە، هیچ کورتهێنانێکیش لە پێدانی کارەبا نەبووە.
وێستگەی کارەبای دەربەندیخان سێ بزوێنەری هەن کە بە هێزی ئاو دەسووڕێنەوە و هەریەکە و لە توانایدایە 83 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت.