ئەڵێی خودا “ئهكاسیا”ى بۆ ژینگەی کەلار روواندوە
964+
هونەر فارس – گەرمیان
لەگەڵ نزیک بوونەوە لە بەشێکی باخچەکانی کەلار، گوڵی زەردی درەختەکان سەرنجت رادەکێشن، بە قسەی بەرپرسی باخچەکانیش نزیکەی هەشت هەزار درەختی ئەکاسیا لە کەلاردا بوونی هەیە.
محەمەد وەلید، ماوەی نۆ ساڵە باخەوانە و رۆژانە سەرقاڵی پەرچکردن و جوانکردنی باخچەکانە.
محەمەدی باخەوان، باس لە جوانی و گرنگی درەختی ئەکاسیا دەکات و دەڵێت: بەبۆنەی جوانیەکەیەوە خەڵکی زۆر حەزیان لەو درەختەیە و رۆژانە دێن پرسیاری تۆوەکەی و شێوازی بەخێوکردنەکەی لێدەکەن.
داری ئەکاسیا یەکێک لەو دارانەیە کە ساڵانە لە وەرزی پایز و بەهاردا گوڵ دەکات و گوڵەکەشی بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێنێتەوە.
توانای بەرزی دارەکە لەنێوان پێنج بۆ حەوت مەتردایە و زیاتر بۆ رازاندنەوە و سێبەر بەکاردێت و پێویستی بە ژینگەی شێدار و کەشوهەوایەکی گەرمە و بۆ کەشوهەوای گەرمیان زۆر گونجاوە.
ئارام نەجم، بەرپرسی باخچەکانی کەلاریش باس لەوە دەکات، بەنیازن لە داهاتوودا ژمارەی داری ئەکاسیا لە کەلار بۆ ١٠هەزار دار زیاد بکەن.
ئەوەشی ئاشکراکرد کە دارەکە بەشێوەی تۆو هەروەها بەشێوەی قەڵەم توانای سەوزبوونی هەیە.
ژمارەی باخچەکانی کەلار نزیکەی 65 باخچەن و بەشێک لە باخچەکان لەپاڵ درەختەکانی دیکەدا بۆ رازاندنەوە جوانکردنی سیمایان، درەختی ئەکاسیای تێدا رووێندراوە لە ئێستادا نزیکەی هەشت هەزار داری ئەکاسیا لە کەلاردا بوونی هەیە و بەشی باخچەکانی شارەوانیش لە پلانیدایە ژمارەیان زیاتر بکات.