"تەندروستی ناجێگیرە"
ئەو منداڵەی زڕدایکی لێیدا چوار رۆژە لە کۆمادایە
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەو کچە تەمەن چوار ساڵەی لە گوندێکی ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لێیدرا، چوار رۆژە لە کۆمادایە، وتەبێژی رێکخراوی هانا بە 964ی وت، “رەوشتی منداڵەکە زۆر خراپە”.
منداڵەکە لەلایەن زڕدایکییەوە لێیدراوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو 20.12.2023، کچێکی تەمەن چوار ساڵ بە ناوی “ئاوا قەهرەمانی” دانیشتووی گوندی گوێک تەپەی ورمێ، لە لایەن زڕدایکییەوە ئەشکەنجەکراو و لێیدراوە.
400 منداڵ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیر کراون
هادی رەسوڵزادە، وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئەمڕۆ شەممە 23.12.2023 لە بارەی رەوشی منداڵەکەوە ئەوەی بە 964 وت، “وا چوار رۆژە و هێشتا لە نەخۆشخانەی ورمێ لە کۆمادایە و لە بەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەکەیە”.
وتەبێژەکەی هانا لە زاری کەسوکارەکەیەوە دەیگیڕێتەوەکە، “دۆخی تەندروستی منداڵەکە زۆر خراپ و ناجێگیرە”، رەسوڵزادە ئەوەشی وت، “پاش رووداوەکە زڕدایکی منداڵەکە لەلایەن هێزەئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و بۆ زیندانی ناوەندی ورمێ گواستراوەتەوە”.