لە پێشبڕکێی هواوی بۆ تەکنەلۆجیا

تیمێکی زانکۆی گەرمیان لە بەحرەین پلەی سێیەمیان بەدەستهێنا

964+

توانا نەقی

تیمی زانکۆی گەرمیان لە پێشبڕکێیەکی تەکنەلۆجی لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست پلەی سێەمیان بەدەستهێنا.

ئەمڕۆ هەینی زانکۆی گەرمیان بڵاویکردەوە، لە پێشبڕكێی ساڵانەی هواوی بۆ تەکنەلۆجیا لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای ناوەڕاست توانیان پلەی سێیەم بەدەستبهێنن.

پێشبڕكێكە لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی بەحرەین و زانكۆی بەحرەین لەو وڵاتە لە رۆژی سێشەممە 19.12.2023 بەڕێوەچوو.

پشتیوان جەبار بەرپرسی ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆی گەرمیان و سەرپەرشتیاری تیمەکە بە 964ـی وت، پیشبڕکێکە ساڵانەیە و بۆ ئەمساڵ سێ خوێندکار کە بەشدار بوون لەسەر ئاستی عێراق لە وڵاتی بەحرەین پلەی سێیەمیان بەدەست هێناوە.

وتیشی، پێشبڕکێکە لەسەر ئاستی سێ تراکی تەکنەلۆجیە نێتۆرک، کۆمپیوتین و کڵاود، خوێندکارەکەی گەرمیان لە سەر ئاستی کڵاود پلەی سێیەمی بەدەست هێناوە.

خوێندکار گۆڤار دڵشاد علی لە زانكۆی گەرمیان و لەگەڵ دوو خوێندكاری زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی بەشدار بوون لە پێشبڕکێکەدا، بەسەرپەرشتی ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆی گەرمیان.

بڕياره قۆناغی كۆتایی پێشبڕكێكە لەسەر ئاستی جیهان لە وڵاتی چين بەڕێوەبچێت.

كۆمپانیاى هواوی چینی، له‌ به‌شێك له‌ زانكۆكانى جیهان و رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و هه‌رێمى كوردستانیشدا (ئه‌كادیمیاى هواوى) دامه‌زراندووه‌، له‌ رێگه‌یانه‌وه‌ بره‌و‌ به‌ توانستی ته‌كنه‌لۆجی ده‌دات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش به‌هره‌مه‌ندانى ئه‌م بواره‌ ده‌دۆزێته‌وه‌ و په‌ره‌یان پێ ده‌دات.