لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا

ئەنجومەنی وەزیران باسی موچەی فەرمانبەرانی کرد

964+

ژووری هەواڵ

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆی کرد لەبارەی موچەی فەرمانبەران و زیندانیان و گیراوانی سیاسی، رێنماییەکانی کارکردنی کرێکاری بیانی و دۆسیەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و نەوت و گاز.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 20.12.2023، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتيی فیدڕاڵ تاکو رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پەسەندکردنی بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم.

بەگوێرەی راگەیاندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، “هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی راپەڕاندووە و هەردوو دیوانی چاودێریی داراییش ئەرکی وردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوکردووە و هەرێمی کوردستان لەم رووەوە ئاسانکاریی تەواوی پێشکەش کردووە”.

ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵە موچەی موچەخۆران بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت، موچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ موچەخۆران و هاوڵاتییانی هەرێم دروست کردووە.

لەبارەی رێنماییەکانی کارکردنی کرێکاری بیانی، وەزیری پلاندانان، ماددە و بڕگەکانی رەشنووسی یەکەمی خستووەتەڕوو، وتویەتی، “ئامانج لەم رێنماییانە، رێکخستنی مۆڵەتی کار و ڤیزا و نشینگە و رێگریکردنە لە هاتنی کرێکاری بیانی بە شێوەی نایاسایی و رەخساندنی هەلی کاری زیاترە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان”.

ئەنجومەنی وەزیران دەڵێت، دابینکردنی موچە و ئیمتیازاتی زیندانیان و گیراوانی سیاسی، بەپێی ماددەی 132ی دەستووری عێراق لە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵە.

عێراق

عێراق "ترقیە و علاوە" بۆ فەرمانبەرەکانی لە هەرێم خەرجدەکات