کێشەی پەتاتەمان نییە
جووتیارانی پێنجوێن بەروبوومی ماندووبوونیان هەڵدەگرنەوە
میدیازان – هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
لەپێدەشتەکانی قەزای پێنجوێن ئێستا سەرەتای وەرزی پەتاتە هەڵگرتنەوەیە، لە دوای پێنج مانگ جووتیاران پێش دەستپێکی باران بەروبوومی رەنج و ماندووبوونیان هەڵدەگرنەوە.
لە سەرەتای مانگی ئایار بەپێی لەباری کەشوهەوا لە پێنجوێن دەستدەکرێت بە کێڵانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و چاندنی پەتاتە، دوای پێنج مانگ و لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم پەتاتەکان هەڵدەگیرێنەوە.
ساڵانە لەسنووری قەزای پێنجوێن نزیکەی 5 هەزار تۆن پەتاتە بەرهەمدێت و لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش پارێزگای دهۆک زۆرترین بەرهەمی پەتاتەی هەیە و هەندێک ساڵ تەنیا بەرهەمی پەتاتەی قەزای بەردەڕەش دەگاتە نزیکەی سەروو 100 هەزار تۆن.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، له ئێستادا پێویستی ساڵانەی هەرێمی کوردستان بە پەتاتە نزیکەی 100 هەزار تۆنە و ئاستی بەرهەمهێنانیش نزیکەی 500 هەزار تۆنە.
له سهرتاسهری ههرێمی كوردستان ساڵانه 35 ههزار دۆنم زهوی به پهتاته دهچێندرێت و نزیکەی 400 هەزار تۆن پەتاتە زیاترە لە پێویستی ناوخۆ، بەشێک لەم پەتاتەیە هەناردەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت.
بۆ ساغکردنەوەی بەشەکەی دیکەی بەرهەمی ناوخۆ، وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت سەرقاڵی دروستکردنی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی فینگەر (پەتاتە) یەو لە رێگەیەوە ٪80ی بهرههمی جوتیاران ساغ دەکرێتەوە. ئهم پڕۆژەیه لەسەر ڕووبەری چل هەزار مەتر دووجا بە سەرمایەی ١٥ ملیۆن دۆلار دروست دەکرێت.