وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ئیسرائیلەوە وادەڵێت

“ئەمریکا بڕیارەکەی روون و رەوانە، هەموو ئەو چەک و تەقەمەنیانە بۆ ئیسرائیل رەوانە دەکات”

+964

ژووری هەواڵ

وەزیری بەرگری ئەمریکا لە ئیسرائیلەوە وتی: ئەمریکا بڕیارەکەی روون و رەوانە، هەموو ئەو چەک و تەقەمەنیانە بۆ ئیسرائیل رەوانە دەکات کە بەڵێنی پێداوە بۆ ئەوەی لەشەڕەکەیدا لەگەڵ حەماس سەرکەوتوو بێت.

حەماس ڤیدیۆی شەڕەکانی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل بڵاوکردەوە، ئەوەی سەیرە چەند دیمەنێکیان بەو کامێرایانە تۆمارکراون کە لە جلی سەربازە ئیسرائیلییەکان بەستراون، میدیا ئیسرائیلییەکان دەپرسن چۆن ئەو دیمەنانە کەوتوونەتە دەست حەماس.

کۆشکی سپی رایگەیاند: هیچ بەڵگەیەکمان دەست نەکەوتووە کە بیسەلمێنێت سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست میدیاکاران و رۆژنامەنووسانی غەزە دەکاتە ئامانج.

ژمارەیەک لە دیلە ئیسرائیلییەکان لە ڤیدیۆیەکی حەماسدا دەرکەوتن و دەڵێن نازانین بۆچی لێرە جێهێڵدراوین، داوا دەکەین ئیسرائیل بەهەر نرخێک بێت ئازادمان بکات.

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ کوژرانی پێنج سەربازی راگەیاند، بەمەش کۆی سەربازە کوژراوەکانی لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە گەیشتە 459 سەرباز، 127 لەوانە لەو کاتەوە کوژراون کە هێرشی وشکانی بۆ سەر غەزە دەستی پێکردووە.

کەتیبەکانی قەسام ڤیدیۆیەکیان لەبارەی ئەو تونێلانەوە بڵاوکردەوە کە ئیسرائیل دەڵێت ئاشکرای کردوون، لەسەر ڤیدیۆکە نوسیویانە درەنگ گەیشتن، بەو مانایەی ئەوان بەو تونێلانە دەستی خۆیان وەشاندووە.