ساڵى 2011 دروستكراوه‌

پاركی مۆنۆمێنتی ئەنفالكراوانی رواندز بێ خزمه‌تگوزارییه‌‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

له ‌ناوه‌ندى قه‌زاى رواندز، مۆنۆمێنتێك بۆ ئه‌نفالكراوانى ئه‌و سنووره‌ دروستكراوه‌، به‌ڵام بێ خزمه‌تگوزارییه‌، شاره‌وانى ده‌ڵێت، كار بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى كراوه‌ و گرنگی پێده‌ده‌ن.

مۆنۆمێنته‌كه‌، وه‌ك یاده‌وه‌رییه‌ك بۆ 13 كه‌سی خه‌ڵكی رواندز دروستكراوه‌، كه‌ له‌ راپەڕینی رواندزی ساڵى 1987 له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كانى حكومه‌تى پێشووى عێراق بێسه‌روشوێن و ئه‌نفالكران.

مۆنۆمێنته‌كه‌، ساڵى 2011 له‌ ناو پاركێك له‌ گه‌ڕه‌كی شه‌هیدانى ئه‌و قه‌زایه‌ دروستكراوه‌.

چیایی محەمەد، سەرۆكی شارەوانیی رواندز بە 964ـى وت، ئاگادارى خزمه‌تگوزارییه‌كانى ئه‌و پاركه‌ن و كاریان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى كردووه،‌ به‌ڵام ده‌ڵێت، پاره‌ى به‌رده‌ست لە بانكه‌كان نییه‌ تا ده‌ست به‌ نۆژه‌نكرده‌وه‌ى بكرێت.

وتیشی “له‌ رێگه‌ى تیمێكی شاره‌وانییه‌وه‌ كارى چاككردن و هه‌ڵپاچینمان بۆ داره‌كانى ئه‌م پاره‌كه‌ كردووه‌ و به‌رده‌وامیش چاودێری ده‌كه‌ین”.

سه‌رۆكى شاره‌وانى باس له‌وه‌ ده‌كات، پێشتر ده‌رخسته‌یان بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ته‌واوى پارك و باخچه‌كانى رواندز پێشكه‌ش كردووه‌، كه‌ ئه‌و پاركه‌ش یه‌كێك له‌وانه‌، له‌ لایه‌ن ئیداره‌ى سۆرانیشه‌وه‌ بڕی 300 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە، به‌ڵام بەهۆی نەبوونی پارەوە نه‌یانتوانیوه‌ هیچ كارێك بكه‌ن.

روونیشیكرده‌وه‌ “هه‌وڵده‌ده‌ین چاوه‌ڕێى ئه‌و پاره‌یه‌ نه‌كه‌ین و له‌سه‌ر داهاتى خۆمان، مانگانە بڕێك پاره‌ تەرخان بكەین بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى پاركەکە “.

سه‌رۆكى شاره‌وانى گله‌یی له‌ هاوڵاتیانى رواندز ده‌كات، كه‌ وه‌كو پێویست پارێزگارى له‌ پاركه‌كان ناكه‌ن.

نێوان بێخاڵ و رواندز خزمه‌تگوزارى جیاجیاى بۆ دروست ده...

نێوان بێخاڵ و رواندز خزمه‌تگوزارى جیاجیاى بۆ دروست ده‌كرێت