چاوەڕێی هاوڵاتیانیش دەکەن

پۆلیسی زاخۆ 150 بوتڵ خوێنیان بەخشی

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

ئەمڕۆ چوارشەمە 13.12.2023 لەسەر داوای بانکی خوێنی زاخۆ، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ لە رێگەی کارمەندەکانییەوە 150 بوتل خوێنیان بە بانکی خوێنی نەخوشخانەی فریاکەوتنی زاخۆ بەخشی.

ئەبوبەکر عوسمان، بەڕێوەبەری بانکی خوێنی زاخۆ، بە 964 وتی، “ئەمە لەسەر داوای ئێمە بووە و لە رۆژانی داهاتووشدا هەندێک فەرمانگەکانی دیکەش دێن خوێن دەبەخشن.
“ئێمە پێویستیمان بە خوێنە، چونکە بۆ هەر رۆژێک زیاتر لە 40 بوتلی خوێن بۆ نەخوشەکان پێویسته‌، بە تایبەت خوێنی جۆری -B چونکە زۆر کەمە، بە شێوەیه‌ک هەر 100 کەس تەنیا دوو کەس خوێنیان لەو جۆرەیە”، ئەبوبەکر عوسمان وا ده‌ڵێت.

ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بۆ 964 وتی: “ئەمە یەکەم جار نییە بەڵکو چەندین جاری دیكه‌ش خوێنمان بە نەخۆشخانەکە بەخشیوە و بەردەوامیش دەبین، دوای پشکنینی خوێنی پۆلیسەکانیش لای خۆمان جۆری خوێنەکە تۆمار دەکەین و هەر کاتێک نەخۆشخانە پێویست بوو ئەوا یەکسەر خوێنیان بۆ دابین دەکەین”.

پێشتریش بانکی خوێنی زاخۆ بە قەد قەبارەی پێویست خوێنی بۆ نەخوشەکان نه‌بوو، بۆیە پێش ماوەیەک لینکێکی ئەلکیترونیان دروست کرد و داوایان لەو کەسانە ده‌کرد کە خوێنیان زۆره‌، ناوی خۆیان لەگەڵ جۆری خوێن تۆمار بکەن، هەر کاتێک نەخوشێک پێویستی بوو، یەکسەر پەیوەندی پێوە بکەن و خوێن بۆ نەخوشەکە دابین بکەن.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا