سەرۆکی یانە بە بۆکس لە ناوبژیوانی یارییەکە دەدات

ئەردۆگان لەسەر ناوبژیوانەکە هاتە دەنگ

964+

سۆما حەکیم زادە

شەوی رابردوو فارووق کۆجە، سەرۆکی یانەی ئەنقەرە کوجە لە یاری نێوان ئەنقەرە کوجە و ریزە سپۆرت، لە چوارچێوەی هەفتەی 15ی خولی تورکیا، دوای ئەوەی بە ئەنجامی 1-1 یەکسانبوون، بە بۆکسێک لە ناوبژیوانی یارییەکەی دا، ئەمەش لەنێو میدیای جیهانییدا هەرای ناوەتەوە.

بەرێوەبەرانی دیکە و کەسانی ناو یاریگا هەوڵیاندا سەرۆکی یانەی ئەنقەرە دوورکەنەوە لە شوێنی رووداوەکە و هێزە ئەمنیەکانیش ناوبژیوانەکەیان بردە ژووری خۆگۆڕین چارەسەری سەرەتاییان بۆ کرد.

هۆکاری تووڕەیی کۆجە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یاریزانیکی یانەکەی لەلایەن ناوبژیوانی یارییەکەوە بە دوو کارتی زەرد دەرکراوە، بەوهۆیەوە ریزە سپۆرت لە خوولەکەکانی کۆتاییدا توانی گۆڵی یەکسان بوون تۆمار بکات.

رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆماری تورکیا، دوابەدوای ئەم رووداوە هاتەدەنگ و وتی: ئیدانەی ئەو توندوتیژییە دژی خەلیل ئومۆت، ناوبژیوانی یاری نێوان ئەنقەرە کوجۆ و ریزە سپۆرت، دەکەین و بە هیچ جۆرێک رێگە بە توندوتیژی لەنێو یاریگەدا نادەین، تۆپی پێی مایەی ئاشتییە لە هەموو جیهاندا، نابێت توندوتیژی تیایدا جێی ببێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا بڕیاری راگرتنی خولی تورکیای دا بۆ ماوەیەکی نادیار.