بە مەتر نییە

نرخى تاپۆکردنى خانوە زێدەڕۆکان چەندە؟

964+
وریا فەتاح

بەپێى رونکردنەوەیەکى یاسایى شارەوانى سلێمانى، دیاریکردنى نرخى تاپۆکردنى خانووە تەجاوزەکان بە تەنیا بە مەتر نییە و لەسەر چەند ئەگەرێک وەستاوە.

لە رونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەگەر داواکار، ئەوەی عەریزەکەی داوە کەمئەندامی سەنگەر یان کەسوکاری پلەیەکی شەهیدان و ئەنفالکراوان بێت ئەوا خانووەکەی بەبێ بەرامبەر بۆ تاپۆ دەکرێت. بەڵام ئەگەر وانەبێ ئەوا پارەی تاپۆکردنەکە بە دوو بەش دیاری دەکرێت.

بەشی یەکەمی پارەی تاپۆکردنەکە بە نرخێکی رەمزی دیاری دەکرێت و ئەم بەشە لە ناوەندی پارێزگادا هەتا رووبەری 200مەتر دووجا و لە ناوەندی قەزادا هەتا رووبەری 250 مەتر دووجا و لە ناوەندی ناحیەدا هەتا رووبەری 300 مەتر دووجا دەڕوات.

ئەگەر رووبەری خانووەکە لەوانە زیاتر بوو ئەوا بەشی دووەمی پارەی تاپۆکردنەکە بە نرخی بازاڕ دیاری دەکرێت کە لە ناوەندی پارێزگادا هەتا 300 مەتر دووجا و لە ناوەندی قەزادا هەتا 400 مەتر دووجا و لە ناوەندی ناحیەدا هەتا 500 مەتر دوجا دەڕوات.

شارەوانی سلێمانی وردەکارییەکانی بەمجۆرە بڵاوکردوەتەوە:

نرخى تاپۆکردنەکان لەکۆمەڵێک رووەوە دەگۆڕێن، بۆنمونە ئەگەر خانووەکە پێش راپەڕین لەلایەن رژێمی بەعسەوە بە هۆکاری سیاسی رووخێندرابێت و پاش راپەڕین دروستکرابێتەوە یان هێشتا شوێنەواری رووخاندنەکەی مابێتەوە و دروست نەکرابێتەوە ئەوا بە رێژەی 2ی نرخى زەوییەکەی تاپۆ دەکرێت، یان پێش ئیفرازکردنی جێخانووەکە لە فەرمانگەی تاپۆدا خانووەکە دروستکرابێت ئەوا بە رێژەی 5%ی نرخەکەى، زەوییەکەی تاپۆ دەکرێت.

لەلایەکى دیکەوە، ئەگەر دوای ئیفرازکردنی جێخانووەکە لە فەرمانگەی تاپۆدا خانووەکە دروستکرابێت ئەوا بە رێژەی 25%ی نرخەکەى زەوییەکەی تاپۆ دەکرێت.

ئەگەر داواکار یان هاوسەرەکەی سوودمەندبوون لە وەرگرتنى زەوی یان خانوو یان شوقە لە حکومەتى هەرێم، ئەوا بەپێى سێ ئاست خانوەکەیان بۆ تاپۆ دەکرێت کە ئەمە رێژەکانیانن (15 یان 25 یان 35%)ى، نرخى زەوییەکانیان بۆ تاپۆ کردنەکە پارەیان لێوەردەگیرێت.

هەموو ئەو رێژانە لە نرخى زەوییەکە وەردەگیرێت نەک لە نرخى خانوى سەر زەوییەکە، ئەوەش دواى ئەوەى لیژنەی خەمڵاندنى خاتووە زێدەڕۆکان، خەمڵاندن بۆ زەوییەمە دەکەن.

ئەگەر دوو خانوو بە هەمان رووبەر و بەیەکەوە لە تەنیشتی یەکتر دروست بکرێن و هەمان نەخشە و پێکهاتەیان هەبێت ئەوا مەرج نییە بە هەمان رێژە تاپۆ بکرێن، رەنگە یەکێکیان بە 35%ى کۆى نرخى زەوییەکە تاپۆ بکرێت و ئەوى تریان بە 5%ى کۆى نرخەکە، واتا ئەگەر زەوى هەردوو خانوەکە یەکى بە 10 هەزار دۆلار بخەمڵێنرێت، یەکێکیان ئەگەر هەیە بە سێ هەزار و 500 دۆلار تاپۆ بکرێت و ئەوى دیکەیان تەنیا 500 دۆلار.

بەپێى ئەوەى شارەوانى سلێمانى کارى لەسەر کردووە، زۆرینەى زۆرى خانووە زێدەڕۆکانى سلێمانى بەر رێژەى 5% کەوتون، واتە لە هەر 10 هەزار دۆلارێک لە نرخى زەوییەکە تەنیا 500 دۆلار، نرخى تاپۆکردنەکە بووە.

لە دەوروبەرى سلێمانى رێگە بە دروستکردنى خانوو نادرێت

لە دەوروبەرى سلێمانى رێگە بە دروستکردنى خانوو نادرێت

ئەگەر خانووە زیادەڕۆکەت 16 مەرجی تێدا نەبێت تاپۆ ناکرێت

ئەگەر خانووە زیادەڕۆکەت 16 مەرجی تێدا نەبێت تاپۆ ناکرێت